لیژنەى رۆشنبیریى پەرلەمانى کوردستان لە هۆکارەکانی پشت بڕیارى سانسۆری چاپکردنی کتێب دەکۆڵێتەوە

بڕیاردەرى لیژنەى یاسایى پەرلەمانى کوردستان ئاشکرای کرد هەفتەى داهاتوو کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن بۆ گفوگۆکردن لەبارەى بڕیاری سانسۆرکردنى کتێب و داواى روونکردنەوەش لە وەزارەتى رۆشنبیرى دەکەن. موحسین حوسێن، بڕیاردەرى لیژنەى رۆشنبیرى و کۆمەڵگەى مەدەنى و وەرزش و لاوان لە پەرلەمانى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “بڕیارە سەرەتاى هەفتەى داهاتوو لێژنەکەمان کۆببێتەوە بە ئامانجى گفتوگۆکردن لەبارەى بڕیارێکى وەزارەتى رۆشنبیرى بۆ سانسۆرکردنى ئەو کتێبانەى کە لە هەرێمی کوردستان چاپ دەکرێن، چونکە ئەو بڕیارە کاردانەوەى زۆرى لە راگەیاندنەکان و سۆشیال میدیا لێکەوتەوە و ژمارەیەکى زۆر نووسەر و ئەدیب ناڕازین لە بڕیارەکە”. راشیگەیاند: “وەزارەتى رۆشنبیرى لە دەرکردنى بڕیارەکە بۆچوونى ئێمەى وەرنەگرتووە، بۆیە ئێمە ئاگادارى بڕیارەکە نین و نازانین ئایا بڕیارەکە بۆ سنووردارکردن و کۆنترۆڵکردنى ناوزڕاندنە لە هەرێم یان بۆ سانسۆرکردنى چاپکردنە لە کوردستان؟ چونکە کارى ئێمە بەدواداچوون و چاودێریکردنە بۆ بڕیارەکانى حکوومەت”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد” بڕیارەکەى وەزارەتى رۆشنبیرى بۆ سانسۆرکردنى کتێب پشتى بە یاسایەک بەستووە کە ئێستا بەرکار نییە لە هەرێمى کوردستان، بۆیە ئێمە مەبەستمانە بەرچاوروونى زیاتر وەربگرین لەبارەى بڕیارەکە، یان داوایان لێدەکەین بە نووسراو روونکردنەوەمان پێبدەن، بانگهێشتی کۆبوونەوەى پەرلەمانیان دەکەین”.