بەپێی زانیاریی میدیا فەرمییەکانی ئێران، پاش تەشەنەسەندنی شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لە ناوچەی قەرەباخ، دوێنێ هەینی لانیکەم ٢٠ گوللە هاوەن لە نزیک گوندە سنوورییەکانی ئێران کەوتوونەتە خوارەوە. ئاژانسی (میهر)ی ئێرانی دوێنێ هەینی ٢ی١٠ی٢٠٢٠ بڵاوی کردەوە: “٢٠ گوللە هاوەن کە بەهۆی شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان لە ناوچەی قەرەباخ هاوێژراون، لە نزیک چەند گوندێک و ڕووباری ئەرەس لە شاری سنووریی “ئەسلاندووز”ی سەر بە پارێزگای ئەردەبێڵ کەوتوونەتە خوارەوە”. ئەو ڕووداوە بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی دانیشتوانی ئەو گوندانە و بەتایبەت ژنان و منداڵانی دانیشتووی گوندەکان ترسیان لێ نیشتووە. بەپێی هەمان سەرچاوە، بەهۆی هێرشی تۆپخانەکانی ئازەربایجان و ئەرمینیا، بەنداوی “میلی موغان” و کاناڵەکانی ئاوی کشتوکاڵی لەو ناوچەیە مەترسیی تەقینیان لەسەرە. کەوتنەخوارەوەی ئەو ٢٠ گوللە هاوەنانە لە کاتێکدایە چوارشەممەی هەفتەی ڕابردووش دوو گوللە هاوەن لە گوندی “محەمەدساڵحلوو”ی سەر بە شاری “خودائافەرین”ی پارێزگای ئەردەبێڵیان دا و بەو بۆنەوە منداڵێک بریندار بوو و شەش خانووی هاووڵاتیانی ئەو گوندەش خاپوور بوون. شەڕی نێوان هەردوو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجان کە لەسەر ناوچەی کێشەلەسەری ئاگۆرنۆ – قەرەباخە، لە ڕێكەوتی ٢٧ی ٩ی ٢٠٢٠وە دەستی پێ کردووە و هەتا ئێستا لە هەردوولا زیاتر لە ١٠٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٥٠ کەسیش بریندار بوون. لە کاتێکدا شەڕەکە هەتا دێت زیاتر تەشەنە دەکات، ئەنتۆنیۆ گۆترێس سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کردووە خێرا ڕاگرتنی شەڕ و ئاگربەستی لە ئازەربایجان و ئەرمینیای کردووە، هاوکات ڕووسیا و ئەمریکاش خوازیاری کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاڵۆزین. لە کاتێکدا زۆرێک لە وڵاتان خوازیاری کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجانن، کەچی ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن تورکیا پاڵپشتیی سەربازیی ئازەربایجان دەکات و میلیشیاکانی سوپای سووریای ئازادی بۆ شەڕ ڕەوانەی ئازەربایجان کردووە، لە کاتێکدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕاشکاوانە ڕای گەیاند کە ئەوان پشتگیری ئازەربایجان دەکەن، کەچی گوتەبێژی سەرۆکایەتیی تورکیا ئەو هەواڵانە ڕەت دەکاتەوە کە سەربازیان ڕەوانەی ئازەربایجان کردبێت.
بەهۆی شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان ٢٠ گوللە هاوەن کەوتنە ناو خاکی ئێرانەوە
