عەبدوڵای دووەم، پاشای ئوردن، ئێوارەی رۆژی شەممە (3/ 10/ 2020) رایگەیاند، رەزامەندیی داوە لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەتی سەرۆکوەزیران عومەر ئەلڕەزاز و رایسپاردووە تا هەڵبژاردنی حکوومەتێکی نوێ، کارەکان رابپەڕێنێ. بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئوردەنی (بترا)، پاشای ئوردن فرمانێکی پادشایی دەرکردووە، بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە رۆژی یەکشەممە، دوای کۆتاییهاتنی ماوە دەستوورییەکەی. واتا راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ئوردەن بەپێی بنەمای دەستووری، دەخوازێ حکوومەت لە ماوەی هەفتەیەکدا دەستلەکار بکێشێتەوە. ئەمەش رێگا خۆش دەکا بۆ ئەوەی لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا هەڵبژاردن بکرێ، لەکاتێکدا ماوەی دەستووریی ئەنجومەنی نوێنەران لە نیوەشەوی دووشەمە کۆتایی دێت. دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە ئوردن لە 29ی تەمووز رای گەیاند، رۆژی 10ی تشرینی دووەمی داهاتوو، لەگەڵ کۆتاییهاتنی خولی ئێستای پەرلەمان، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنران دیار بکرێ. شایانی باسە، کە هەڵبژاردنی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران لە ئوردن لە 20ی ئەیلوولی 2016 بەڕێوەچوو.