پاسپۆرتی عێراق وەك خراپترین و لاوازترین پاسپۆرتی جیهان دیاری كرا

بە پێی بڵاوكراوەی گڵۆباڵ پاسپۆرت ئیندێكس، لیستی باشترین و بەهێزترین پاسپۆرتەكانی جیهان لە سەروەختی كۆرۆنادا بڵاو كرایەوە و نیوزلەندا لە پێشەنگدایە و عێراق خراپترین پاسپۆرتی هەیە. دەزگای پاسپۆرتی جیهانی، لیستی باشترین پاسپۆرتەكانی جیهانی بڵاو كردەوە و پاسپۆتی نیوزلەندا لە پلەی یەكەمی جیهاندایە، كە بەبێ گەشتی پێشتر و بێ وەرگرتنی ڤیزا، دەتوانرێ گەشتی 129 وڵاتی پێ بكرێ، لە كاتێكدا لە پێشگرتن لە پەتای كۆرۆناشدا، یەكەم وڵات بوو شەپۆلی یەكەم و دووەمی كۆرۆنای تێپەڕاند. پاسپۆرتی هەریەك لە وڵاتانی، ئەڵمانیا، نەمسا، لۆكسمبۆرگ، سویسرا، ئیرلەندا، ژاپۆرن، كۆریای باشوور و ئوسترالیا لە خانەی دووەم دێن، كە دەتوانرێ بێ ڤیزا گەشتی 128 وڵاتی پێ بكرێ. هەریەك لە سوێد و بەلژیكا و فەرەنسا و فینلەندا و ئیتاڵیا لە خانەی سێیەم دێن، كە دەتوانرێ گەشتی 127 وڵاتی پێ بكرێ. ئەوەی جێی سەرنجە، پاسپۆرتی ئەمریكا ناوی لە ریزی پاسپۆرتە یەكەمینەكاندا نییە. خانەی چوارەمیش بۆ پاسپۆرتی هۆڵەندا، دانمارك، پورتوگال، لیتوانیا، نەرویژ، ئایسلەندا، بریتانیا و كەنەدایە، كە بە هۆیەوە دەتوانرێ گەشتی 126 وڵاتی پێ بكرێ. لە ئاستی وڵاتانی عەرەبی، ئیمارات لە خانەی یەكەمە و 13ـی جیهانە، كە بە پاسپۆرتەكەی دەتوانرێ گەشتی 103 وڵاتی پێ بكرێ. پاسپۆرتی عێراقیش، وەك خراپترین پاسپۆرت لە جیهاندا دیاری كرا، كە بەبێ ڤیزا تەنیا گەشتی 31 وڵاتی پێ دەكرێ.