لیژنەی خەڵاتی نۆبل ئەمڕۆ دووشەمە، دەست بە دابەشکردنی خەڵاتەکانی دەکات، کە ماوەی هەفتەیەک دەخایەنێت. ئاژانسی (ئەسۆشێتید پرێس) لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە ئەمڕۆ دووشەمە 5/ 10/ 2020 براوەی خەڵاتی نۆبل لە بواری زانستی ئەرکی ئەندامەکانی لەش و بواری پزیشکی دەستنیشان دەکرێن. ڕوونیشی کردەوە، لیژنەیەک لە پەیمانگەی “کارۆلینسکا” لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، ئەمڕۆ ناوی براوەکان رادەگەیەنن. ئەمساڵ خەڵاتی پزیشکی گرنگییەکی تایبەتی هەیە، ئەویش بەهۆی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆناوە، کە تیشک دەخاتە سەر گرنگیی توێژینەوە پزیشکییەکان بۆ کۆمەڵگەکان و ئابووری لە سەرانسەری جیهان. لەگەڵ ئەوەشدا، پێدەچێت براوەکان بە شێوەی لە توێژینەوە سەبارەت بەو ڤایرۆسە نوێیە راستەوخۆ بەشدار بووبن، هەمیشە ئەو خەڵاتە بۆ ئەو توێژینەوە و دۆزینەوانە تەرخان کراوە کە چەندین ساڵ، یان چەندین دەیە کاریان بۆ کراوە. رێکخراوی نۆبل هەردەم دانی بە زانستە بنەڕەتییەکاندا ناوە، کە بە بەربڵاوی بەکار دەهێنرێن، جگە لە بواری پزیشکی، بوارەکانی فیزیا، کیمیا، ئەدەب، ئابووری و ئاشتییش دەگرێتەوە. پێشتر وا رووی داوە، کە خەڵاتی نۆبڵ لە هەمان بواردا بەسەر زانایاندا بە هاوبەشی دابەش کرابێت، ساڵی رابردوو، زانای بەریتانی (بیتەر راتکلیف) و هەردوو زانای ئەمریکی (ویلیام کایلین و گریگ سیمینزا) خەڵاتەکەیان لە بەرامبەر بە دۆزینەوەی (وردەکاریی چۆنیەتیی هەستی خانەکانی لەش لە کارلێککردن لەگەڵ ئاستی ئۆکسجینی نزم) بە هاوبەشی وەرگرت. خەڵاتی نۆبل بریتییە لە میدالیایەکی ئاڵتوونی و خەڵاتێک بە بڕی 10 ملیۆن کرۆنی سویدی (زیاترە لە یەک ملیۆن دۆلاری ئەمریکی)، لەسەر راسپاردەی ئەندازیار و دۆزەرەوەی دینامێت (ئەلفرێد نۆبل 1833- 1896)ی سویدی، کە 124 ساڵ بەر لە ئێستا دۆزیبوویەوە و داهاتەکەی بەخشیوەتە داهێنەران لە بوارە جیاجیاکان لە سەرانسەری جیهاندا.