پیشنیوەڕی ئەمڕۆ دووشەممە لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێک لەسەر ڕێگەی کاروانی ئۆتۆمبێلی سەرۆکی ویلایەتی “لوغمان” لە ئەفغانستان، ٨ کەس کوژراون و ٢٠ کەسی دیکەش بریندار بوون. ماڵپەڕی (ئوفۆق)ی ئەفغانستان لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئەو بۆمبە کاتژمێر ١٠ی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی ڕەحمەتوڵا یارمەل والیی ویلایەتی “لوغمان”دا تەقیوەتەوە، کە لە ئەنجامدا چوار کەسی سڤیل و چوار سەرباز گیانیان لەدەست داوە، بەڵام والیی لوغمان هیچ زیانێکی پێ نەگەیشتووە. بەپێی هەمان سەرچاوە لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیە ٢٠ کەسی دیکە بریندار بوون و هەتا ئێستا هیچ کەس و گرووپێک بەرپرسایەتیی ئەو تەقینەوەی نەگرتووەتە ئەستۆ. هێرش و تەقینەوەکانی ئەفغانستان لە کاتێکدا ڕوویان لە زیادبوون کردووە، کە پرۆسەی دانوستان و گفتوگۆی نێوان حکوومەتی ئەفغانستان و گرووپی تاڵیبان بە نێوبژیوانیی ئەمریکا و قەتەر بەردەوامن، هەروەها چەندین پێشنیاریش بۆ ئاگربەست خراونەتە ڕوو. هاوکات هەر ئەمڕۆ دووشەممە سەرکۆماری ئەفغانستان بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان سەردانی قەتەری کردووە.
تەقینەوەیەک لە ئەفغانستان ٢٨ کەسی کردە قوربانی
