ئەمڕۆ دووشەممە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وێڕای ئاماژەکردن بە شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا، ڕای گەیاندووە هێرش و کەوتنەوەی گوللە هاوەن بۆ سەر سنوورەکانیان قبووڵ ناکەن و بە هێڵی سووری دادەنێن. سەعید خەتیب زادە، ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی١٠ی٢٠٢٠ لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاشکرای کرد حکوومەتی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی قەرەباخ و ڕاگرتنی شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا پرۆژەیەکی ئامادە کردووە و بەمزوانە پاش ڕاوێژ لەگەڵ هەردوو لایەنی شەڕ، هەروەها وڵاتانی ناوچە و دراوسێیەکان، پرۆژەکە ڕادەگەیەنێت. یەک هەفتە دوای شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لە ناوچەی کیشەلەسەری قەرەباخ، هەتا ئێستا زیاتر لە ٢٥٠ کەس کوژراون و بریندار بوون و سەدان هەزار کەسیش لە هەردوو وڵات لە شوێنی ژیانی خۆیان ئاوارە بوون. هەڵوێستی ئێران لەمبارەوە لە کاتێکدایە کەلە ماوەی ١٠ ڕۆژی رابردوودا سێ جار گوللە هاوەنی هەردوو وڵاتی ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر سنووری ئێران و گوندەکانی سەر بە پارێزگای ئەردەبێڵ کەوتووەتەوە و منداڵێک بووەتە قوربانی و زیاتر لە ١٠ خانووی گوندنشینانی ئێران لە سنووری ڕووباری ئەرەس تێک ڕووخاون.
ئێران: هێرش بۆ سەر سنوورەکانمان لەلایەن ئەرمینیا و ئازەربایجانەوە قبووڵ ناکەین
