پاپای ڤاتیكان نامەیەكی 70 لاپەڕەیی بە ناوی (هەمووان براین) ئاراستەی جیهان كرد، لە نامەكەدا ستایشی ئەو كارمەندانە دەكات كە ژیانی خۆیان خستووەتە مەترسییەوە بۆ بەردەوامبوونی ژیان. بەشێكی نامەكە لە ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”ی ئەمریكی بڵاو كراوەتەوە، تێیدا پاپای ڤاتیكان نووسیویەتی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا وانەیەكی فێر كردین كە بریتی بوو لەوەی ئەگەر تووشی تەنگانە بین، كەس ناتوانێت بە تەنیا خۆی دەرباز بكات، هەروەك بینیمان كەسانێك هەبوون لە پێناو مانەوەی خەڵكی دیكە، ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە، لەوانەش پزیشك و پەرستیاران، پاككەرەوە و كارمەندانی بازاڕەكان. هەر لەو نامەیەدا پاپای ڤاتیكان رەخنەی ئاراستەی بەشێك لە دەسەڵاتدارانی جیهان كردووە كە لە پێناو مانەوەی خۆیاندا، زۆر جار ڕێزیان لە ئایدیۆلۆژیای هاووڵاتیان نەگرتووە. لە بەشێكی دیكەی نامەكەشدا پاپای ڤاتیكان داوای لە چالاكوانانی جیهان كردووە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نەكەنە سەكۆیەك بۆ ناوزڕاندن و هاندانی توندوتیژی و سەرزەنشتكردن.