ساڵی 1912، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریكا کەوتە ناو هەڵبژاردنێکی سەرۆکایەتی، کە هیچ کەسێك بەر لە چەند مانگێک لە هەڵبژاردنەکە، پێشبینی ئەو ئەنجامانەی نەدەکرد. تیۆدۆر رۆزفێلت (Theodore Roosevelt)، کە لەنێوان ساڵانی 1901 و 1909 بیستوشەشەمین سەرۆکی ئەمریكا بووە، بەشێوەیەکی سەیر خۆی لەسەر لیستی حزبێکی نوێوە بۆ کێبرکێی سەرۆکایەتیی ساڵی 1912 پاڵاوت، کە بۆ لێدان لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتی دروستی کرد. لەوێوە، وڵات رووبەڕووبوونەوەیەکی گەرموگوڕی بەخۆوە دیت، لەنێوان سەرۆکی پێشوو (تیۆدۆر رۆزفێلت Theodore Roosevelt) و سەرۆکی لەکاروەستاو (ویلیام هاوارد تافت William Howard Taft) و سەرۆکی داهاتوو (وۆدرۆ ویلسن Woodrow Wilson) و پالێوراوی سۆسیالیست (یوجین دێبس Eugene Debs). پاڵاوتنی رۆزفێلت بۆ بەربەرەکانیی پارتی کۆماری بوو. بەر لەوەی لە ساڵی 1909 سەرۆکایەتیی جێبهێڵێ، رۆزفێلت یارمەتیی (تافت)ی پالێوراوی کۆمارییەکانی دەدا، بۆ ئەوەی بەسەر رکەبەرەکەی (ولیام جیننگز بریان William Jennings Bryan) لە دیموکراتەکان سەر بکەوێ. دواتر رۆزفێلت بەهۆی گەشتێکی راوکردن لە ئەفەریقا، بۆ ماوەیەکی درێژ ون بوو، بەر لەوەی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە و خۆی لەجیاتی تافت لەسەر لیستی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتیی ساڵی 1912 بپاڵێوێ. بەگوێرەی لێداونەکانی، رۆزفێلت رای گەیاندبوو، باوەڕی بە تافت نەماوە، بۆیە هەوڵی دا کەسایەتییەکەی بشێوێنێ و بە سەرۆکێکی خراپ ناوزەدی کرد، عەقڵیشی بە عەقڵی مشکەکانی تاقیکردنەوە چوواند، یاریدەدەرەکانیشی بە رادیکالی و نەخۆشە دەروونییەکان وەسف کرد. لەکاتێکدا، کە نەیتوانی پاڵپشتیی تەواو لە کۆنگرەی پارتی کۆماری لە شیکاگۆ بەدەست بهێنێ، رۆزفێلت لەگەڵ یاریدەدەرەکانی کۆبووەوە و حزبێکی نوێی بەناوی پارتی پێشکەوتنخواز (Progressive Party) راگەیاند، لەوە بەدوا، رۆزفێلت بە فەرمیی خۆی لەسەر حزبە نوێیەکە بۆ هەڵبژاردنی 1912 پاڵاوت، کە سەرنجی زۆر لە ئەمریکییەکانی بۆ خۆی راکێشابوو. لە هەمان کاتدا (وۆدرۆ ویلسن Woodrow Wilson) حاکمی ویلایەتی (نیوجیرسی New Jersey) توانی پاڵپشتیی پارتی دیموکراتی بەدەست بێنێ، دوای ئەوەی بەسەر رکابەرەکەی لە پارتی سۆسیالیستی ئەمەریکی (یوجین دبس Eugene Debs)دا سەرکەوت، بۆئەوەی بچێتە ناو کێبرکێی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ساڵی 1912. لەلایەکی دیکەوە، پارتی کۆماری رووبەڕووی چەندان ئاستەنگ بووەوە، سەرەتا، تافت گومانی لە سەرکەوتنی خۆی هەبوو، بەتایبەتی کاتێک رۆزفێلت خۆی لەسەر حزبێکی نوێ پاڵاوت، ئینجا گرفتێکی دیکەیش بۆ تافت هاتە پێش، ئەویش مردنی لەناکاوی جێگرەکەی بوو (جیمس شیرمان James S. Sherman) بەهۆی نەخۆشییەوە، لەکاتێکدا کەمتر لە هەفتەیەک مابوو بۆ هەڵبژاردن. لە کاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، هەر چوار پالێوراو لەنێو ویلایەتە جیاجیاکان دەستیان بە گەشت و گەڕان کرد و هەر یەکەیان چەندین وتاری ئاگرینیان سەبارەت بە چەندین کێشەی خەڵک و شەقامی ئەمریكا پێشکەش کرد. لای خۆیەوە، رۆزفێلت ماوەی زیاتر لە 10 هەزار کیلۆمەتری لەنێوان 34 ویلایەتی ئەمریكادا بڕی و بەڵێنی بە خەڵک دا سەعاتەکانی کاری رۆژانە کەم بکاتەوە و بارودۆخی کارکردن لە کارخانەکان چاک بکا و مافی هەڵبژاردن بۆ ئافرەتانیش مسۆگەر بکات، لە شاری (میلواکی Milwaukee)ی لە ویلایەتی (ویسکونسن Wisconsin)یش تووشی هەوڵێکی نەزۆکی کوشتن هات. لە کاتی هەڵبژاردنی ساڵی 1912، رۆزفێلت رۆڵێکی نایابی بینی، ئەگەرچی کەمتر لە ساڵێک بوو حزبە نوێیەکەی راگەیاندبوو، بەڵام ئەنجامەکان بە سەرکەوتنی (وۆدرۆ ویلسن Woodrow Wilson)ی پالێوراوی دیموکراتەکان کەوتەوە، کە جیابوونەوەی نێوان (رۆزفێلت و تافت)یان لە پارتی کۆماری قۆستەوە. ویلسن نزیکەی 42%ی دەنگی ئەمەریکییەکانی و 88 دەنگی کۆی هەڵبژاردنەکە برد و بوو بە دەنگی یەکەم، لەدوای ئەو، رۆزفێلت دەنگی دووەمی هێنا. لەبەرامبەردا، ئەو هەڵبژاردنەی سەرۆکایەتی بۆ تافت بوو بە دۆڕانێکی گەورە و وەک بیست و حەوتەمین سەرۆکی ئەمریكا، کورسیی سەرۆکایەتیی کۆماری لەدەست دا، چونکە تەنیا 23%ی دەنگی خەڵک و 8 دەنگی کۆی هەڵبژاردنەکەی بەدەست هێنا. هەرچی سەبارەت (دێبس)ە، کە پاڵێوراوی چوارەم بوو لەسەر حزبی سۆسیالیستی ئەمریكا، تەنیا 6%ی دەنگی خەڵکی بەدەست هێنا و هیچ دەنگێکی لە کۆی هەڵبژاردنەکەدا بەدەست نەهێنا.