حكوومەتی یابان بە بڕیارێك توركیای ئاگادار كردەوە، كە لەمەودوا هەر هاووڵاتییەكی توركی بیەوێت گەشتی یابان بكات، پێویستە ڤیزای ئەو وڵاتە وەربگرێت و ڕێککەوتنەکەیان لەمبارەوە بە شێوەی کاتی هەڵوەشاوەتەوە. ماوەی ١٠ ساڵ دەبێت توركیا و ژاپۆن رێك كەوتوون لەسەر ئەوەی هاووڵاتی هەردوو وڵات بەبێ وەرگرتنی ڤیزا بتوانن سەردانی وڵاتی یەکتر بكەن، بەڵام یابان بڕیارەكەی ڕاگرت. بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی (سپۆتنیك)، یابان لەڕێگەی باڵوێزخانەی خۆی لە ئەنقەرە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی یابان و توركیای داوەتە وەزارەتی دەرەوەی توركیا و پێیانیشی گوتووە بڕیارەكە كاتییە. یابان توركیای ئاگادار كردووەتەوە، كە بڕیارەكە تا ئەوكاتە جێبەجێ دەكرێت، كە ڤایرۆسی كۆرۆنا هەبێت و دوای كۆتاییهاتنی كۆرۆنا، ئیدی بڕیارەكە هەڵدەوەشێتەوە و هاووڵاتی توركیا بۆیان هەیە بەبێ ڤیزا بچنە یابان.
یابان ڕێککەوتنێکی خۆی لەگەڵ تورکیا هەڵوەشاندەوە
