‘کورد لە عێراق ئەو پۆستانە وەردەگرێتەوە کە مافی خۆیەتی و بە وەکالەت پڕکراونەتەوە’

پەرلەمانتارێکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق، رایگەیاند ژمارەیەکى زۆر پۆست کە مافى کوردە لە بەغدا بە وەکالەت بەڕێوە دەبرێن یان کەسانى دیکە خراونەتە شوێنیان، بڕیارە ئەو پۆستانە بە کورد بدرێنەوە. د. ئارام بالەتەیى، گوتەبێژى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانى عێراق بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “ژمارەیەکى زۆر پۆست لە ئاستى بریکارى وەزیر و بەڕێوەبەرى گشتى و بەڕێوەبەر لە بەغدا کە مافى کوردە، ئێستا یان بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن یان کەسانى دیکە خراونەتە شوێنیان و پڕکراونەتەوە، بە ئامانجى چارەسەرکردنى ئەو پرسە لە سەردەمى کابینەى عادل عەبدولمەهدى بڕیارێک درا بۆ پڕکردنەوەى سەرجەم ئەو پۆستانەى کە بەوەکالەت بەڕێوەدەبرێن”. راشیگەیاند: “بە هۆى لەبارنەبوونى بارودۆخەکە و ئەو رەوشەى لە بەغدا هاتووەتە ئاراوە ئەم بابەتە کارى لەسەر نەکرا، بەڵام مستەفا کازمى ئێستا کار لەسەر پڕکردنەوەى پۆستە بەتاڵەکان دەکات و بەڵێنى داوە کە سەرجەم ئەو پۆستانەى پشکى کوردن بیانگەڕێنێتەوە بۆ کورد”. ئەوەشى خستەڕوو” بەپێى ئەو رێژەیە بێت کە کورد لە هەڵبژاردنى رابردوو بەدەستى هێناوە 400 پۆست لە ئاستى خوار وەزارەت بەر کورد دەکەوێت، بەڵام رێژەیەکى زۆر لەو ژمارەیە لە کورد وەرگیراوەتەوە، بۆیە بەمنزیکانە ئەو پۆستانە بە کورد دەدرێنەوە و پشکى شێریش بەر پارتى دەکەوێت چونکە زۆرترین دەنگى بەدەستهێناوە لەسەر ئاستى کوردستان”.