لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕێژەی تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا بەرز بووەوە

  دەستەی گشتیی تەندروستیی لە ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان، ئەمڕۆ 8 مردن بە هۆی كۆرۆنا و 153 تووشبووی نوێی بە پەتاكە ڕاگەیاند. ئەمڕۆ چوارشەممە 21/10/2020، دەستەی گشتیی تەندروستیی لە ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان (باكووری سووریا)، 8 حاڵەتی مردن بە هۆی پەتای كۆرۆنا و 153 تووشبووی نوێی لە باكوور و رۆژهەڵاتی سووریا تۆمار كرد. لە بەیاننامەی دەستەی تەندروستیدا، كە وێنەیەكی دەست (باسنیوز) كەوتووە، ئاشكرا كراوە، سێ پیاو و دوو ئافرەت لە حەسەكە و سێ پیاو لە قامیشلۆ و دێرك و كەمپی هۆڵ گیانیان لە دەست داوە. دەستەكە، 153 تووشبووی نوێی بەم جۆرە لە ناوچەكان تۆمار كردووە: 28 تووشبوو لە حەسەكە، 17 تووشبوو لە قامیشلۆ، 27 تووشبوو لە دێرك، 8 تووشبوو لە كركی لەكی، دوو تووشبوو لە رومێلان، 6 تووشبوو لە عامودا، تووشبوویەك لە كەمپی هۆڵ، 20 تووشبوو لە كۆبانێ، 15 تووشبوو لە تەبقە، 14 تووشبوو لە ڕەقە، 11 تووشبوو لە منبج، 4 تووبوو لە دێرەزوور. وێڕای ئەو حاڵەتە تۆماركراونە، 11 كەسیش لە پەتاكە چاك بوونەتەوە. تا ئێستا لە ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەر 3251 كەس تووشی پەتاكە بوون و 103 كەس گیانیان لە دەست داوە و 646 كەسیش چاك بوونەتەوە.