وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دوو بەرپرسی باڵای حزبوڵای لوبنان کە لە فەرماندە باڵا سەربازییەکانی ئەو گرووپەن لە باشووری لوبنان، خستووەتە لیستەی گەمارۆکانەوە. ئاژانسی (ڕۆیتەرز) لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە ئەو دوو فەرماندە سەربازییەی لوبنان ناویان “نەبیل قائۆک و حەسەن ئەلبەغدادیە”ە کە ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی حزبوڵای لوبنانن و لە کاتی داگیرکردنی باشووری لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ساڵانی ١٩٨٢ تا ٢٠٠٠ هەردوو وەک فەرماندەی حزبوڵای لوبنان هەڵبژێردران. ئەمریکا گرووپی چەکدار و میلیشیای حزبوڵای لوبنان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت و لەو وڵاتەش پێگەیەکی بەهێزیان هەیە، بە یەکێک لە گرووپە تیرۆریستییەکان دەزانێت. حەسەن نەسروڵا، سکرتێری حزبوڵای لوبنان و جێگیرەکەی پێشتر لەلایەن ئەمریکاوە خراونەتە لیستەی گەمارۆکانەوە و سزا دراون. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەو هۆیە نەبیل قائۆک و حەسەن ئەڵبەغدادی خستووەتە لیستەی گەمارۆکانەوە، چونکە ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبەریی حزبوڵای لوبنانن، هاوکات لەگەڵ داڕشتنی سیاسەتەکانی حزبوڵا، چاودێرییان بەسەر هەموو چالاکاییەکانی ئەو گرووپەدا هەیە. هاوکات وەزاراتی گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرای کردووە نەبیل قائۆک یەکێک لە لاینەگرانی ئۆپەراسیۆنی چەکدارییە لەدژی بوونی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوکات گوتار و ئاخاوتنی پڕ لە هەڕەشەی دژ بە ئەمریکا و ئسیرائیلی دەدات. بەپێی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز، بەغدادیش، سەرەڕای پشتیوانی لە هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، لەبەر هێرشکردنە سەر پێگەکانی ئەمریکا لە عێراق، ستایشی سوپای پاسداران دەکات.
ئەمریکا دوو بەرپرسی باڵای حزبوڵای لوبنانی خستەی لیستەی گەمارۆکانەوە
