هەموو پێنج خولەكێك كەسێك لە ئێران بە كۆرۆنا گیان لەدەست دەدات

ڕێژەی مردن بە هۆی تووشبوون بە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆناوە لەوپەڕی بەرزیدایە و ئێستا ڕۆژانە هەموو پێنج خولەكێك كەسێكی تووشبووی پەتای كۆرۆنا لەم وڵاتە گیان لەدەست دەدات. بە پێی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ئێستا رۆژانە لەم وڵاتە 300 تووشبووی پەتای كۆرۆنا گیان لەدەست دەدەن و نەخۆشخانەكانی وڵاتەكەش بە هیچ شێوەیەك توانای وەرگرتن و چارەسەركردنی تووشبووانی نەماوە. لەوەتەی پەیدابوونی كۆرۆناوە، ئێران لە ڕیزی پێشەوەی ئەم وڵاتانەدا بوو كە زۆرترین تووشبوویان هەبووە، ئەمەش بە هۆی كردنەوەی ئاسمانی ئێران بە ڕووی فڕۆكە نەفەرهەڵگرەكانی چینەوە لە سەرەتای ئەمساڵدا. ئەمڕۆ دووشەممە بریكاری وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە لێدوانێكدا ئاشكرای كرد كە چاوەڕێ دەكەن لە هەفتەكانی داهاتوودا ڕێژەی مردنی ڕۆژانە بەهۆی پەتای كۆرۆنا بگاتە 600 كەس، بە تایبەتییش ئەگەر هاووڵاتییانی ئێران بە تەواوی پابەندی ڕێنماییەكانی خۆپاراستن لە پەتاكە نەبن. وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئەوەشی نەشاردووەتەوە كە رۆژ لە دوای رۆژ نەخۆشخانەكانیان زیاتر پەكیان دەكەوێت و توانای وەرگرتنی نەخۆشیان نامێنێت.