ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە و تێیدا دوو رەشنووس لەبارەی زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی شەهیدان، تاوتوێ دەکات. بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 28-10-2020 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆ ببێتەوە. لە راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە، ئەنجوومەنی وەزیران لەو کۆبوونەوەیەدا، دوو رەشنوس لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی، تاوتوێ دەکات. دوو رەشنووسەکە بریتین لە؛ – پەیڕەوی ئیمتیازەكانی زیندانیكراو و گیراوانی سیاسی – پەیڕەوی دیاریكردنی ماف و ئیمتیازەكانی میراتگرانی شەهیدان جگە لەو دوو رەشنووسە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان راپۆرتی تایبەت بە جینۆسایدی تاوانەكانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، دەخاتە بەر باس و گفتوگۆ.
حکوومەت دوو رەشنووس لەبارەی زیندانیانی سیاسی و بنەماڵەی شەهیدان تاوتوێ دەکات
