میدیاكانی توركیا لە سەركەوتنی بایدن لە هەڵبژاردنی ئەمریكا نیگەرانن

ئەگەرچی هێشتا بەتەواوی یەكلایی نەبووەتەوە ئایا كاندیدی دیموكراتەكان جۆ بایدن دەبێتە سەرۆكی ئەمریكا، یان كاندیدی كۆمارییەكان دۆناڵد ترەمپ، بەڵام بەهۆی ئەوەی بایدن لە پێش ترامپەوەیە و شانسی بردنەوەی زیاترە، بۆیە میدیاكانی توركیا بە نیگەرانییەوە باس لە بردنەوەی بایدن دەكەن. میدیاكانی توركیا گرنگییەكی زۆریان بە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا داوە، بەڵام زۆربەی بەشداربوانی بەرنامە تەلەڤزیۆنییەكان بە ئاشكرا دەڵێن ئێمە پێمان خۆشە ترەمپ بیباتەوە و بایدن بدۆرێت، هۆكارەكەشی روونە، بایدن پشتگیریی تەواوی یەپەگە و كوردانی رۆژئاوایە. تەلەڤزیۆنی (CNN)ی توركی بە ئاشكرا باس لە كاریگەریی خراپی بایدن بەسەر توركیاوە دەکات و دەڵێت ئەگەر بایدن دەربچێت، ئەگەر زۆرە سزای توركیا بدات، هەروەها لە رۆژئاواش پشتگیری تەواوی یەپەگەیە. لە لایەكی ترەوە، تەلەڤزیۆنی (خەبەر تورك) باسی لە گرنگیی ترەمپ بۆ توركیا کردووە و دەڵێن ئەگەر ترەمپ ببێتەوە سەرۆكی ئەمریكا، ئەوكات توركیا دەتوانێت بەشی دووەمی ئۆپەڕاسیۆنی سەر یەپەگە تەواو بكات، ئەویش وەدەرنانی یەپەگەیە لە كۆبانێ و مەنبەج، بەڵام پێیانوایە ئەگەر بایدن ببێتە سەرۆكی ئەمریكا، یەپەگە زۆر بەهێزتر دەبێت و دوور نییە بە تەواوی لە سووریای جیا بكاتەوە.