بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە لە كەركووك و شارەكانی عێراق پرۆسەی خوێندنی ساڵی 2020-2021 دەستپێبكات. دلێر شوانی، ئەندامی شانەی قەیرانەكانی كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “رۆژی شەممە 7/11/2020 لیژنەی باڵای تەندروستیی و سەلامەتی عێراق بڕیاری دا رۆژی 29/11/2020 پرۆسەی خوێندن لە عێراق دەستپێبكاتەوە، ئیتر پاشان رێنمایی نوێ دەردەكرێت بۆ چۆنیەتی دەستپێكردنەوەی دەوامی خوێندنگاكان و پڕۆگرامیش كەم دەكرێتەوە”. ئاماژەی بە ئەوەش دا “بڕیارە لەم هەفتەیەدا شانەی قەیرانەكانی كەركووك كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدەین لەسەر رێنماییە تازەكان و ئامادەكاری بكرێت بۆ كردنەوەی قوتابخانەكان”. روونیشیکردەوە “ماوەیەكە رێژەی توشبوون بە كۆرۆنا لە شاری كەركووك زۆر بووە و پێویستە كار بكرێت بۆ ئەوەی خەڵك زۆر توش نەبن و بڕیاری نوێ لەمبارەیەوە بدەین”. ساڵانە لە كەركووك و شارەكانی عێراق لە مانگی ئەیلوول دەوامی قوتابخانەكان دەستپێدەكات، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی تەشەنەكردنی پەتای كۆرۆناوە تا ئێستا دەوامی قوتابخانەكان دەستپێنەكردووە و بڕیارە بە خۆپارێزییەوە لە 29/11/2020 دەوامی قوتابخانەكان لە كەركووك و شارەكانی عێراق دەستپێبكاتەوە.
کۆتایی ئەم مانگە لە کەرکووک پرۆسەی خوێندن دەست پێ دەكات
