گوتەبێژى فراکسیۆنى پارتى رایگەیاند شیعەکان تاکلایەنانە حوکمى عێراق دەکەن و پێشێلى بنەما دەستورییەکانیان کردووە، ئەمەش مەترسییەکى گەورەى لەسەر داهاتووى عێراق و بنەماى پێکەوەژیان دروست کردووە. د. ئارام بالەتەیى، گوتەبێژى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق بە (باسنیوز)ى رایگەیاند: “شیعەکان تاکلایەنانە و خۆپەرستانە جڵەوى دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست و حوکمى عێراق دەکەن، بە ناوى زۆرینە ئەوەى مەبەستیان بێ لە پەرلەمان ئەنجامى دەدەن، ئەمەش پێشێلکردنى روون و ئاشکراى دەستوورى عێراقە، چونکە ئەو دەستوورە لەسەر بنەماکانى (هاوبەشى- هاوپەیمانى- یەکسانى) داڕێژراوە”. راشیگەیاند: “ئەم هەنگاوەى لایەنە شیعەکان، پێشهاتێکى ترسناکە و عێراق بەرەو ئایندەیەکى نادیار و تاریک دەبات، چونکە ناکرێ پێکهاتەیەکى گرنگ و گەورەى وەکو کورد کە خاوەنى 60 کورسى پەرلەمانە ئەژماری بۆ نەکرێت، بڕیاری پەرلەمان سەبارەت بە تێپەڕکردنی یاساى پڕکردنەوەى کورتهێنانى دارایی، مەترسیەکى گەورەى لەسەر پێکەوەژیانى نەتەوەکان دەبێ لە عێراق، بۆیە دەبێ شیعە بەرپرسیارێتى ئەو دۆخە مەترسیدارە بگرێتە ئەستۆ”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد” ئێمە گفتوگۆیەکى زۆرمان لەسەر ئەو پڕۆژەیە کرد کە حکوومەت لەبارەى قەرزەوە ئاراستەى پەرلەمانى کردبوو، بەڵام شیعەکان لەبەرژەوەندى خۆیان دەستکاریان کرد، ئەوەى ویستیان لە پڕۆژەکەدا جێیان کردەوە و پڕۆژەکەیان خستە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ تێیان پەڕاند”. ئەوەشى خستەڕوو” سەرجەم فراکسیۆنە شیعەکانى نێو پەرلەمانى عێراق بە هەناسەی خۆپەرستى کاردەکەن و هەموویان کۆک بوون لەسەر ئەو بڕیارەى کە دوێنێ دایان، کاتێک بڕیارەکە دەنگى زۆرینەى هێنا کەشێکیان لە نێو هۆڵى پەرلەمان دروست کردبوو، وایان دەزانى عێراق سەرکەوتنێکى گەورەى بەدەست هێناوە”.
گوتەبێژى فراکسیۆنى پارتى: تێکڕای پەرلەمانتارانی شیعە کۆک بوون لەسەر بڕیارەکەی پەرلەمان لە دژی هەرێمی کوردستان
