ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ی ١١ی ٢٠٢٠، د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، دوای 30 ڕۆژ ململانێ لەگەڵ پەتای كۆرۆنا، كۆچی دوایی كرد. لەمبارەیەوە نەبەز عهبدولحهمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر كۆچی دوایی فرسەت سۆفی راگەیاندووە. ڕۆژی ٢٠ی ١٠ی ٢٠٢٠، بەڕێوەبەری نووسینگەی پارێزگاری هەولێر ئاشكرای كرد، دوای ئەنجامدانی پشكنین، دەركەوتووە د. فرسەت سۆفی تووشی پەتای كۆرۆنا بووە. فرسەت سۆفی (لەدایکبووی ١٩٧٨ لە گوندی گەزنەی سنووری قەزای چۆمانە) لە ١٢ی ئەیلوولی ٢٠١٩ەوە پارێزگاری شاری ھەولێرە دوای ئەوەی لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر ھەڵبژێردرا. فرسەت سۆفی دکتۆرای لە یاسای نێودەوڵەتی ھەیە و ماوەیەک لە زانکۆی سەلاحەدین و زانکۆی پۆلیتەکنیکیی ھەولێر مامۆستای زانکۆ بووە. لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەندام پەرلەمان بووە. یەکەمین ئەندام پەرلەمانی کوردستانە کە مووچەی خانەنشینی ڕەتکردەوە و گەڕایەوە سەر کارەکەی پێشووی.
فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر كۆچی دوایی كرد
