ئەمڕۆ هەینی قەیس خزعەلی سەرۆکی میلیشیای ئەهلی حەق كە سەر بە حەشدی شەعبی و ئێرانە، سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە رەت کردەوە، کە بڕیارە لە 6ی حوزەیرانی داهاتوودا ئەنجام بدرێت. ئەم راگەیاندنەی سەرۆکی میلیشیای ئەهلی حەق، دوای یەک هەفتە لە چاوپێکەوتنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دێت، لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی کۆمسیاری باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، کە خۆشحاڵیی خۆیان بە یارمەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەڵبژاردن دەربڕی. لای خۆیانەوە هەریەک لە بەریتانیا، فەرەنسا، ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا پێشوازییان لەو هەنگاوەی عێراق کرد، بۆ پرۆسەی رێکخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە، کە بۆ یەکەم جارە بەگوێرەی یاسای نوێ پەیڕەو دەکرێت، کە پەرلەمان لە بەرامبەر داخوازیی خۆپیشاندەران بڕیاری لێ دا. لەمبارەوە ئەمڕۆ قەیس خەزعەلی هۆشداری دا لە سەرپەرشتی و دەستێوەردانی دوور و نزیکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق، چونکە بە قسەی ئەو، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا جینین بلاسخارت، لایەنگرە و بێ لایەن نییە، لە ماوەی رابردوودا ئەمەیان لێ بینیوە. خەزعەی گوتی ”لاریمان نییە تەنیا چاودێر بێت و بەس، تەنانەت ئەگەر بە بەشداریی یەکێتیی ئەورووپاش بێت، بەڵام وەک سەرپەرشتیار رەتی دەکەینەوە“. سەرۆكی میلیشیا ئێرانیەكە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ”دانوستاندنی گرووپەکان لەگەڵ کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی ئەمریکا کۆتایی دێت“. وەک ئاماژەیەک بۆ دووبارە دەستپێکردنەوە بە مووشەکبارانكردنی ناوچەی سەوز لە بەغدا. گوتیشی ”راگرتنی چالاکییە سەربازییەکان بەو مەرجانە دەبێ كە هیچ بنکەیەکی سەربازیی ناعێراقی نەمێننەوە، سەروەریی خاک و ئاسمان بۆ عێراق بگەڕێتەوە“. ئەگەرچی یاسایەک هەیە کە هەر لایەنێک باڵی چەکداری هەبێت بۆی نییە بەشداریی هەڵبژاردن بکات، بەڵام کۆمسیاری هەڵبژاردن ناوی چەندین حزب و لایەنی وەک قەوارە تۆمار کردووە، کە میلیشیای چەکداریان هەیە، دیارترینیان (سادقون)ن، كە باڵی سیاسیی میلیشیای ئەهلی هەقن. چەندین میلیشیای دیکەش ئامادەسازی دەکەن، لە رێی دامەزراندنی دەستە و حزب و رەوتی سیاسی بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتوو بکەن. سەرچاوەیەکیش بۆ گۆڤاری (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) گوتوویەتی ”رەتکردنەوەی تۆمارکردنی ناوی ئەو قەوارانە پێویستی بە تەوافوقی سیاسی هەیە و سەرئێشە و تەنگژەیەکی گەورە بۆ وڵات دروست دەکات، بە جۆرێک هەڕەشە لە سەرتاپای هەڵبژاردنەکە دەکات“. گوتیشی ”رەتکردنەوەی رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک سەرپەرشتیاری هەڵبژاردنەکان لەلایەن لایەنەکانی سەر بە ئێران بەو بیانووەوەیە، کە پێیان وایە نەتەوە یەکگرتووەکان لە دۆسێی عێراقدا هاوبیری ئەمەریکایە“. لای خۆشیەوە ئەحمەد حەقی، چالاک و ئەندامی هەماهەنگیی خۆپیشاندانەکانی بەغدا گوتی: ”لێدوانەکانی قەیس خزعەلی ئەوە دەردەخەن، کە ئەو میلیشیایانە نیازی دەستوەردان لە هەڵبژاردن و سەپاندنی دیدی خۆیان هەیە“. بۆ (ئەلعەرەبی ئەلجەدید) گوتیشی: ”بابەتی سەرپەرشتی یان یارمەتیدانی نەتەوە یەکگرتووەکان، شەفافیەتێکی زۆر دەدات بە هەر هەڵبژاردنێک لە هەر شوێنێک ئەنجام بدرێ، ئەم جۆرە لێدوانانە ترسی ئەوەیان لێ دەخوێنرێتەوە، میلیشیاکان ئیرادەی خۆیان بەسەر پرۆسەکە بسەپێنن، بەتایبەتی کە دەستوەردانی ئەو لایەنانە لە هەڵبژاردنکانی پێشوودا لە یادەوەریی خەڵکدا ماوە، کاتێ سندووقەکانی دەنگدانیان سووتاندن و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی ژماردنی دەنگەکانیان لە بەغدا بزر کردن“.