سکرتێرى یەکێتى پیاوانى کوردستان رایگەیاند بە هۆى نەبوونى هۆشیارى تاکەوە، رێژەى توندوتیژى بەرامبەر پیاوان لە ئاستێکى بەرزدایە و لە ماوەى کەمتر لە ساڵێک 5 پیاو لەلایەن هاوژینەکانیان و بەهاوکارى کەسانى دیکەوە کوژراون. بورهان عەلى، سکرتێرى یەکێیتى پیاوانى کوردستان بە (باسنیوز)ى راگەیاند: “بە هۆى نەبوونى هۆشیارى تاک و خراپ تێگەیشتن لە مافەکانى ئافرەتان، لە ماوەى 10 مانگدا 519 سکاڵا تۆماکراوە لەسەر ئەنجامدانى توندوتیژى بەرامبەر پیاوان،جگە لەمەش 54 حاڵەتى خۆکوشتنى پیاوان و 5 حاڵەتى کوشتنى پیاوان لەلایەن هاوژینەکانیان بە هاوکارى کەسانى دیکەوە تۆمارکراوە”. راشیگەیاند: “قەیرانى دارایى و ناسەقامگیرى سیاسى و زۆربوونى پێداویستییەکانى خێزان، خراپ بەکارهێنانى سۆشیال میدیا و زۆربوونى زنجیرە دۆبلاژکراوەکان، چەندین هۆکارى دیکە هەن بۆ زیادبوونى توندوتیژى خێزانى بەتایبەت دژى پیاوان، چونکە پیاو بەپێى ناسنامەى بارى شارستانى سەرۆکى خێزان و بەخێوکەرى ئەندامانى خێزانەکەیەتى”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد” بە هاوکارى رێکخراوەکانى ئافرەتان چەندین کۆڕ و سمینارمان ئەنجامداوە، بەئامانجى دروستکردنى لێکتێگەیشتنێکى هاوبەش و دۆزینەوەى چارەسەرى کێشەکانى خێزان بەبێ دەستێوەردانى کەسانى دیکە”.