دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناوچەی کەڕادەی بەغدا بیسترا

میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە کە شەوی پێنجشەممە دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناوچەی کەڕادەی ناوەڕاستی بەغدا بیستراوە. دەزگاکانی راگەیاندن ئاشکرایان کردووە، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە ناوچەی کەڕادە بیستراوە و ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، تەقینەوەکان لەنزیک گۆڕەپانی (ئەلواسق) بوونە. ئەم تەقینەوانە دوای ئەوە هاتن، کە گرووپێک لە چەکدارانی میلیشیای (ربع الله) گەمارۆی هۆتێلی (جەبەل بەیرووت)یان داوە لە ناوچەی کەڕادە. لە تۆمارێکی ڤیدیۆییشدا کە دەزگاکانی راگەیاندنی نزیک لە گرووپە چەکدارەکان بڵاویان کردووەتەوە، دەردەکەوێ کە ژمارەیەک لە ئەندامەکانی گرووپەکە چواردەوری هوتێلەکە دەگرن و ژمارەیەک لە کرێکارەکانی سەنتەری شێلان لەناو هوتێلەکە دێننە دەرەوە. لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا، ژمارەیەک ئەندامی گرووپەکە دەردەکەون، کە تێلا و تۆپزیان بەدەستەوەیە و لەناو کەشێکی پڕ ترس و تۆقان، هەندێک لە کرێکارەکانی هوتێلەکە دەهێننەوە دەرەوە و لێیان دەدەن. بەگوێرەی سەرچاوەکان، تا ئێستا بەرپرسانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق هیچ لێدوان و روونکردنەوەیەکی سەبارەت بەو رووداوە رانەگەیاندووە.