چاودێرێك وەڵامی نووسەرێكی تاقمی خیانەتكاری ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ دەداتەوە و رای دەگەیەنێت كە ئەگەر پارەی مافیاگەریی سنووری تاقمەكەیان بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بگەڕێننەوە، كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان چارەسەر دەبێت. سەرتیپ جەوهەر، نووسەری دەرباری تاقمی خیانەتكاری ١٦ی ئۆكتۆبەر لە چوارچێوەی هەڵمەتی كەسانی پۆپۆلیست بۆ كۆكردنەوەی لایك و كۆمێنتی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، تۆمەتێكی لەبارەی مووچەی فەرمانبەران بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەڵبەستووە. لە بەرامبەردا چاودێرێك بە (باسنیوز)ی راگەیاند كە ئەو داتا و ژمێركارییەی سەرتیپ جەوهەر، مەگەر لە خەیاڵاوی سەردەستەی تاقمە خیانەتكارەكەیەوە سەرچاوەی گرتبێت و هیچ بنەمایەكی نییە. جەختیشی كردەوە كە ”ئەگەر پارەی قاچاخچێتی و مافیاگەریی سنووری تاقمەكەیان بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بگەڕێننەوە، كێشەی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر دەبێت“. لە لایەكی دیكەوە سەعید هەركی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند، هەندێك ڕاگەیاندنكاری سەر بە تاقمێكی نێو یەكێتی بە شێوەی ”هێرشكردنە سەر تیمی یەكێتی لە نێو حكوومەت، باسی حكوومەت و دۆخی دارایی دەكەن“. ڕوونیشی كردەوە كە با پێشوەختە ئەو تاقمە، ”پارەی دزراوی مەرزی باشماخ و پەروێزخان و مەرزی شۆشمێ و شوێنەكانی دیكە بۆ وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بگەڕێننەوە، تاوەكوو حكوومەت لەگەڵ داهاتەكانی دیكەدا كێشەی مووچەی پێ چارەسەر بكات، ”با كەسانی سەر بە تاقمە خیانەتكارەكە تۆمەتی ناڕەوا هەڵنەبەستن، چونكه چهتهگهراییەكی لەڕادەبەدەر لە سنوورەكەی خۆیان و لە باشماخ و مەرزەكانی دیكەیاندا هەیە و هەر لەوێشەوەیە كە دەست خراوەتە بیناقاقای مووچەی فەرمانبەران“. پەرلەمانتارەكەی پارتی پێیوایە كە ئەو داهاتەی لە ناوچەكانی سنووری تاقمە خیانەتكارەكەوە دەبردرێت، ”لە جیاتی ئەوەی بیدەنە پەیجە چەواشەكارەكانیان، باشترە بۆ حكوومەتی بگەڕێننەوە و كێشەی خەڵكی پێ چارەسەر بكرێت“.