پەرلەمانتارێکی کورد رایدەگەیەنێ کە هەوڵی داگیرکردنەوەی زەوی جووتیارە کوردەکانی سنووری پارێزکای کەرکووک لەلایەن عەرەبە هاوردەکان بەردەوامە و ڕۆڵی پارێزگاری شارەکەشی بە خراپ وەسف کرد. جەمال شکوور، پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ماوەیەکە داگیرکردنەوە و هەڵکوتانە سەر زەویی جووتیارانی کورد لە سنووری پارێزگای کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان دیکە زیادی کردووە و ئەوەی مایەی نیگەرانیشە ڕۆڵی خراپی پارێزگاری کەرکووکە کە نووسراوی پشتگیری بۆ عەرەبە هاوردەکان دەکات بۆ ئەوەی بێنەوە سەر ئەو زەویانە و داگیریان بکەنەوە”. گوتیشی: “هەرچەندە هەوڵی عەرەبە هاوردەکان و پارێزگاری کەرکووک لەو بابەتە سەرکەتوو نەبووە، بەڵام جووتیارە کوردەکان هەراسان کراون و لە هەندێ شوێن بەتایبەت لە سنووری دوبز ئەو کارە بەرانبەر جووتیارانی کورد سەری گرتووە”. ڕوونیشیکردەوە: “هەرچەندە وەزارەتی ناوخۆ و داد و کشتوکاڵی عێراقمان ئاگادار کردووەتەوە بەڵام ئەو کێشەیە زیاتر سیاسییە و پێویستە هەرچی زووە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر ئاستی باڵا و ب ەشێوەیەکی بنەڕەتی و هەمیشەیی ئەو گرفتە چارەسەر بکەن”.