ئەمڕۆ چوارشەممە ئازاد حەسەن سەرۆکی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند سکاڵا لەسەر ئەو کەسانە تۆمار دەکەن كە هێرشیان کردووەتە سەر موڵکی گشتی و سووتاندویانە یان تاڵانیان کردووە. سەرۆکی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵی “كوردستان 24” دووپاتی كردەوە سکاڵا لەسەر هەموو ئەو کەسانە تۆمار دەکەن كە هێرشیان کردووەتە سەر موڵکی گشتی و سووتاندویانە یان تاڵانیان کردووە. گوتیشی نووسینگەکانی داواکاری گشتییان راسپاردووە بۆ ئەوەی زانیاری لەسەر زیانەکان و ئەو کەسانەش کۆ بکەنەوە، کە هێرشیان کردووەتە سەر موڵکی گشتی. جێی باسە چەند ڕۆژێكە لە سنووری هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، هەڵمەتێكی تێكدەرانە و گێرەشێوێنی بە چەكی سووك و قورسەوە بەناوی خۆپیشاندانەوە دەستی پێكردووە، لە ژمارەیەك ناوچەی دیاریكراودا دەیان بارەگای حزبی و فەرمانگەی حكوومی سووتێندراون یان تاڵان كراون. بەپێی یاسای سزادان، ھەر خۆپیشاندانێک ببێتە ھۆی زیان گەیاندن بە موڵکی گشتی، ئەو خۆپیشاندەرە سزا دەدرێت. سزاکەشی لە دەستگیرکردن تا قورسترینی دیاری کردووە، بەپێی ئەو یاسایەش کە ھەرێمی کوردستان بۆ رێکخستنی خۆپیشاندان دیاری کردووە، ئەم خۆپیشاندانانەی ئێستا لەلایەن ژمارەیەك تێكدەرەوە بەڕێوەدەچن، دەچنە چوارچێوەی توندوتیژی دژی یاسا رێگە پێدراوەکان.