سەبارەت بە گۆڕینى نرخى خواردن لە دینارەوە بۆ دۆلار لە چێشتخانەکان روونکردنەوە دەدەرێ

بەڕێوەبەرى چاودێریى بازرگانى هەولێر رایگەیاند چەند چێشتخانە و رێستۆرانتێک داوایان کردووە نرخى خواردن و خزمەتگوزارییەکان لە دینارەوە بکرێتە دۆلار، بەڵام ئێمە داواکەمان رەت کردووەتەوە و بەهیچ شێوەیەک رێگە بە بەرزکردنەوەى نرخى خواردن نادەین. هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەرى چاودێرى بازرگانى هەولێر بە (باسنیوز)ى راگەیاند: ” دواى ئەو گۆڕانکارییانەى بەسەر نرخى دینارى عێراقدا هات بەرامبەر بە دۆلار، ژمارەیەک بازرگان و خاوەنکار ویستیان دۆخەکە بقۆزنەوە و نرخى شتومەک و کاڵا بەرزبکەنەوە، بەڵام لێژنەکانى چاودێرى بازرگانى و قایمقامیەت بەردەوام چاودێرى دۆخى بازاڕ دەکەن و بەهیچ شێوەیەک رێگە بە بەرزکردنەوەى نرخى هیچ جۆرە خواردن و کاڵایەک نادەین”. راشیگەیاند: “بە ئامانجى دەستکەوتنى قازانجى زۆر ژمارەیەک رێستۆرانت و چێشتخانە و هوتێل، داوایان کردبوو نرخى خواردن و خزمەتگوزارییەکان بکەن بەدۆلار بە هۆى دابەزینى نرخى دینارى عێراقى، بەڵام ئێمە رێگەمان پێنەدان بە زیادکرنى نرخ بە پێچەوانەوە ئێمە دەمانەوێ نرخ دابەزێنین”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد” ئەو رێستۆرانت و چێشتخانانەى کە گەشتیارین و مۆڵەتى گەشتیارییان پێدراوە، خزمەتگوزارى و خەرجییەکانیان زیاترە لە چێشتخانە میللییەکان، ئەمەش بەپێى پلەبەندییە، بەڵام ئەوە ماناى ئەوە نییە ئەو شوێنانەى گەشتیارین نرخ گران بکەن و سوود لەو دۆخە وەربگرن کە بەهۆى گۆڕانکارى لە نرخى دینار هاتووەتە ئاراوە”.