میدیای فەرمیی حکوومەتی سووریا بڵاوی کردووەتەوە کە شەوی ڕابردوو ئیسرائیل بە مووشەک چەند پێگەیەکی دەوروبەری دیمەشقی کردووەتە ئامانج کە کەسێک کوژراوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون. لەمبارەوە ئاژانسی (ڕۆیتەرز) بڵاوی کردووەتەوە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سووریا لە ناوچەی ئەلزوبدانی هەڵکەوتوو لە ڕۆژئاوای ڕیفی دیمەشق لە بەرانبەر ئەو هێرشە ئاسمانییەی ئیسرائیلدا کاردانەوەی هەبووە. هاوکات لەمبارەوە ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کەلە لەندەنە، ئاشکرای کردووە، لەو هێرشەی شەوی رابردووی ئیسرائیلدا سیستەمی بەرگریی سووریا و میلیشیاکانی سەر بە ئێران کراونەتە ئامانج. تۆڕی میدیایی ئەلعەرەبییەش بڵاوی کردووەتەوە ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ناحیەی ئەلنەبی هابیل هەڵکەوتوو لە ئەلزوبدانی. بەپیی زانیارییەکان فڕۆکەکانی ئیسرائیل لە ئاسمانی لوبنانەوە پێگەیەکی سەربازییان لە ناوچەی ئەلزوبدانی کە هاوسنوور و نزیکی خاکی لوبنانە کردووەتە ئامانج. هەتا ئێستا لەمبارەوە سوپای ئیسرائیل هیچ کاردانەوە و ڕاپۆرت و زانیارییەکی بڵاو نەکردووەتەوە. هاوکات هەینی ڕابردووش سوپای ئیسرائیل لە گوندی “مەسیاف”ی سەر بە پاریزگای حەما پێگەیەکی سەربازیی سووریای کردە ئامانج.