پەرلەمانتارێکی کوردی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە بڕیارە ھەفتەی داھاتوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تاووتوێکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق کۆببێتەوە و تێپەڕاندنی پڕۆژەکەش مانگێکی پیویستە. شێروان میرزا، پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “بەپێی ئەو پڕۆژە یاسایەی کە گەیشتووەتە دەستمان بودجەی ئەمساڵی عێراق بڕەکەی ١٦٤ تریلیۆن دینارە کە نرخی بەرمیلێک نەوت بە ٤٢ دۆلار و نرخی یەک دۆلاریش بە ١٤٥٠ دینار دیاری کراوە ،ھاوکات بڕی کورتھێنانی بودجەی ئەمساڵ ٧١ تریلیۆن دینارە”. گوتیشی: “بڕیارە ھەفتەی داھاتوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوە بۆ تاووتوێکردنی پڕۆژە یاسای بودجە و دوای ئەویش لە ماوەی چوار ڕۆژدا خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ دەکرێت،دواتر لەماوەی مانگێکدا وردەکارییەکانی تەواو دەکرێت و پەسند دەکرێت”. سەبارەت بە پشکی کورد وەک لە پڕۆژە یاساکەدا دیاریکراوە، شێروان میرزا گوتی: “لە پڕۆژە یاساکەدا پشکی کورد دیاری کراوە بەڵام دەنگدان لەسەری لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانتارانەوە ھەندێک قورسە و وردەکاری و کاری پێشوەختەی پێویستە کە ھیوادارین ئەو گرفتە نەیەتە پێشەوە”.