په‌رله‌مانتارێكى پارتى بۆ هاوڕێ مه‌لا ستار: كاندیدی ئێمە پێویستی بە دەنگی نۆكەری وەك ئێوە نییە

ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، وەڵامی پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتی دەداتەوە و بە ڕاشكاوی پێی ڕادەگەیەنێت كە كاندیدی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ”پێویستی بە دەنگی منداڵێكی نۆكەری تاقمێك نییە“. هاوڕێ مەلا ستار، پەرلەمانتاری یەكێتی كە بە نەخوێندەوارترین پەرلەمانتار ناسراوە و بە ئاستێكی نزمی بازاڕییانە هەموو كاری پەرلەمانتاریی خۆی خستۆتە خزمەتی تاقمێك، بانگەشەی ئەوەی كردووە كە گوایە ئەو دەنگ بە كاندیدی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان نادات. لە بەرامبەردا شوان زرارى، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ فراكسیۆنى پارتى به‌ (باسنیوز)ى ڕاگه‌یاند: ”ئه‌وه‌ى پاڵێوراوه‌ بۆ وه‌زیرى سامانه‌ سرووشتییەكان، كه‌سێكى خاوه‌ن ئه‌زموون و لێهاتووه‌ و خاوه‌ن ئه‌زموونێكی دەیان ساڵەیە و لەگەڵ گەورەترین كۆمپانیاكانی بواری نەوتدا كاری كردووە، كەسێكە ئاستێكی زانستیی باڵای هەیە، بۆیە پێویستی بەوە نییە منداڵێكی لاكۆڵانان كە لە هیچ شتێك تێناگات و بە چەند دەنگێك بۆتە پەرلەمانتار، وەها قسە بكات كە ئەگەر ئەو دەنگ بە كاندیدەكە نەدات تەواو ئیتر پرۆسەكە ناڕوات، بە پێچەوانەوە كاندیدەكەی ئێمە پێویستی بە دەنگێكی وەها نییە كە خۆی خستۆتە خزمەتی تاقمێك و نۆكەرایەتییان دەكات و تەنانەت دژایەتیی كوردستانیش دەكەن“. ئەوەشی ڕوون كردەوە كە پارتی و یەكێتی ڕێككەوتنیان هەیە و بەپێی ڕێككەوتنەكە دەبێت پەرلەمانتارەكانی هەردوولا دەنگ بە كاندیدەكانیان بدەن، بەڵام ”ئەگەر لە نێو حزبەكەی ئەواندا مەركەزیەت نەماوە و كەس بە كەس نییە، ئەوا هیچ لە ئێمە ناگۆڕێت، بەڵام دەبێت بزانن كە فراكسیۆنەكەی ئێمەش ٤٥ پەرلەمانتاری هەیە و ڕۆڵێكی یەكلاكەرەوەش دەگێڕێت“. ئەو پەرلەمانتارەی پارتی هیوای خواست، هاوپەیمانەكانیان خۆیان كۆبكەنەوە و پەرلەمانتارانیشیان ”لە جێگەی ئەوەی ببنە نۆكەری دەستە و تاقمێك، رێز لە هاوپەیمانێتیی حزبەكانیان بگرن“. لەبارەی بانگەشەكانی هاوڕێ مەلا ستار كە گوایە دە پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی دەنگیان بە كاندیدی یەكێتی نەداوە، شوان زراری بە (باسنیوز)ی راگەیاند: ”ئەمە ڕاست نییە، ئێمه‌ به‌ر له‌وه‌ى كابینه‌ى نۆیه‌م پێك بهێنن، ڕێككەوتنی سیاسیمان  له‌گه‌ڵ دوو لایه‌نى سه‌ره‌كى و پێكهاته‌كانى كوردستان هه‌بووه‌، پابه‌ندى ڕێككه‌وتنه‌كانیش بووین, له‌ لاى پارتى بانێك و دوو هه‌وا نییه‌، پارتى خاوه‌نى بڕیاری ڕاسته‌قینه‌ و كوردانەی خۆیه‌تى و هیچ كەسێك لە بڕیاری حزبەكەی دەرناچێت، بۆیە پێویستیش ناكات كەس بە پێوانەی حزبەكەی خۆی سەیری پارتی بكات“.