ڕاپەڕین تاوەکو ئێستا بێ خانەی داڵدەدانی ئافرەتانە

دەڤەری ڕاپەرین تاوەکو ئێستا بێ خانەی داڵدەدانی ئافرەتانە و بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆش سەبارەت بە هۆکاری ئەمە چەند زانیارییەک دەخاتە ڕوو. ئاری ڕەفیق، یاریدەدەری بەرێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان لە وەزارەتی ناوخۆ، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “هەبوونی شەڵتەرەکانی داڵدەدانی ژنان و کچان لە نێو سەنتەری قەزا و ناحیەکان مەترسییەکی گەورەیە، چونکە خێزانەکان و ئەو کەسانەی کە بەناوی عەشیرەتگەرییەوە پارێزگاری لە ڕەوشت دەکەن بە ئاسانی دەتوانن دەستیان بە شەڵتەرەکان بگات، ئەوە بڕیاری وەزارەتە کە نابێت شەڵتەر لە قەزا و ناحیەکان بکرێتەوە، چونکە لە ڕووی ئەمنییەوە پارێزراو نابن، بەهۆی ئەوەی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لەو شوێنانە فراوانە و هەموویان خزم و کەسوکاری یەکترن و بە ئاسانی زانیاری لەسەر هەر کەیسێک دەتواندرێت کۆبکرێتەوە، بەوشێوەیەش ناتواندرێت گیانی ئەو ژنە یاخود ئەو کچە بپارێزرێت”. ناوبراو ڕاشیگەیاند: “ئێستا بە پێچەوانەی ساڵانی ڕابردوو کە زۆرترین تاوانی کوشتنی ژنان و کچان لە نێو قەزا و ناحیەکان ڕووی دەدا، ئێستا زۆرترین تاوانی کوشتنی ئافرەتان و کێشە خێزانییەکان لە نێو سەنتەری پارێزگاکان ڕوو دەدات و هەموو ئەو کەیسانەی کە پێویستیان بە پاراستن هەیە دەنێردرێن بۆ هەولێر و سلێمانی بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی دەزگاکانی ئێمە، بەڵام لە هەندێ حاڵەتدا کە ناتواندرێت بڕیاری حاکم وەربگیرێت لە گرتوخانەکاندا بۆ ماوەیەکی کاتی دەهێڵدرێنەوە”. پێشتر هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاندبوو، کە لە ساڵانی ڕابردوو هەوڵیانداوە نووسینگە یاخود خانەی داڵدەدانی کچان و ژنان لە سنوورەکە بکەنەوە، بەڵام نەیانتوانیوە لە هەوڵەکانیان سەرکەوتووبن، بەهۆی کۆمەڵێک ڕێگریی کۆمەڵایەتییەوە.