ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان باس لەوە دەكات كە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دۆخەكە لە ناوچە كوردستانییەكان لەبار نییە و پێی وایه بهم دۆخهوه ئهنجامدانی ههڵبژاردن لهو ناوچانه، به زیان بۆ كورد دهشكێتهوه. ئهمڕۆ یهكشهممه 10/1/2021، ناسر ئەحمەد، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی و بڕیاردەری لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “بڕیارە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت و هەڵبژاردن لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە پێشتر خراپتر دەبێت بۆ كورد، بەڵام تەنیا یەك هیوا هەیە ئەویش بریتییە لەوەی ئەگەر هەموو حیزبە كوردستانییەكان یەكگرتوو بن و پەرتەوازە نەبن، باشتر دەبێ بۆ كورد، بەڵام ئەگەر بە پەتەوازەییە بەشداری لەو هەڵبژاردنە بكرێ، كورد كورسییەكانی پێشووی ناهێنێتەوە. ئاماژهی به كێشەیەكی دیكه كرد بهوهی لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە كوردێكی زۆر لە ناوچە دابڕاوەكانەوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوونە و تا دۆخی ئەو سنوورانە ئاسایی نەكرێتەوە ئەو خەڵكەش ناگەڕێنەوە. گوتیشی، دەبوو ئەو كاتە هەڵبژاردن لە ناوچە دابڕاوەكان بكرایە، كە دۆخی ناوچەكان ئاسایی كرابایەوە، چونكە ئەستەمە ئاوارەكان لە رۆژی هەڵبژاردن بۆ دەنگدان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ئەگەر لەناو هەرێمی كوردستان سندوقی دەنگدانیان بۆ دانەنرێ، دۆخەكە بۆ كورد لە ناوچەكانی كەركووك و خورماتوو و خانەقین و مەخمور و شوێنەكانی تر خراپ دهبێ. به پێویستی زانی به هۆی ئهو ڕهوش و دۆخهوه،”بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كورد لە ناوچە كوردستانییەكان یەكگرتوبێ و بۆ هەموو لایەكی دووپات بكەنەوە كە كورد زۆرینەیە، دەبێت بۆ ئەو مەبەستە كوردایەتی بكەین، نەك حزبایەتی”. بڕیارە لە عێراق هەڵبژاردنی پێشوەختە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو بۆ پەرلەمانی عێراق بكرێت و لە ئێستاشەوە كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی سەربەخۆی عێراق لە شار و شارۆچكەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەستیان بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەو هەڵبژاردنە كردووە و قهواره سیاسییهكان بۆ بهشداریكردن، ناوی خۆیان تۆمار دهكهن.