ڕاپەڕین.. ئۆتۆمبێلێکی دزراو دەستی بەسەردا گیرا

پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، کە ئۆتۆمبێلێک کە لە سنووری شاری هەولێر دزراوە لە سنووری راپەڕین دەستی بەسەردا گیراوە. شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: “دوێنێ شەو لەلایەن سەرچاوەیەکەوە بنکەی پۆلیسی ماکۆک ئاگادارکرایەوە کە ئۆتۆمبیلێکی جۆری لاندکرۆزەر مۆدێل 2011 لەلایەن چەند کەسێکەوە دزراوە، بۆ ئەو مەبەستەش لە بنکەی پۆلیسی بەحرکە لە پارێزگای هەولێر سکاڵا تۆمارکراوە”. گوتیشی: “پاش گەیشتنی فەرمانی دادوەری دادگای هەولێر بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئوتۆمبێلی دزراو و دەستگیرکردنی تۆمەتباران، دواتر بۆ ئەو مەبەستە دادگای لێکۆڵینەوەی حاجیاوا ئاگادار کرایەوە و بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی حاجیاوا بەدەست هات، دەست بەجێ مەفرەزەیەک بەسەرپەرشتی ئەفسەری بنکەی پولیسی ماکۆک پێكهێنرا و چەند شوێنیکی گوماناوی پشکنران و لە ئەنجامدا دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی زۆر توانرا کاتژمێر 2ی بەرەبەیان بە هاوکاری بازگەی ئاسایشی قەمتەران دەست بگیرێت بەسەر ئۆتۆمبیلی دزراو و دەستگیرکردنی تۆمەتبارێك بە ناوی (م، ت، ح)تەمەن 17 ساڵ لە ڕەگەزی نێر”. ناوبراو ڕاشیگەیاند: “ئێستا تۆمەتباری ناوبراو بە فەرمانی دادوەر بە پێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە”.