ڕۆژی چوارشەممە، ئیدارەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، عەبدولعەزیز ملووح مەحمەداوی (ناسراو بە ئەبو فدک) ئەمینداری گشتیی پێشووی حزبوڵڵای عێراقی بە ”تیرۆریستی جیهانی“ ناوزەد کرد. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، مەحمەداوی، کە بەرپرسێکی باڵای میلیشیاکانی حەشدی شەعبیی عێراقییە، تۆمەتباری کرد بەوەی، لەگەڵ فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران خەریکی رێکخستنەوەی دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراقە، دوور لە ئامانجە سەرەکییەکەی، کە بریتییە لە پاراستنی بەرژەوەندی و بەرگریکردن لە دەوڵەتی عێراق، بەڵکو بۆ پاڵپشتیکردنە لە چالاکییەکانی ئێران، لەناویشیاندا بەرگیریکردن لە رژێمی ئەسەد لە سووریا. لە یاداشتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا هاتووە: ”ئەم هەنگاوە، مەحمەداوی بێبەش دەکا لە هەموو ئەو ئامرازانەی پێوستن بۆ نەخشەدانان و جێبەجێکردنی هێرشی تیرۆریستی“. دەشڵێ: ”دەست بەسەر تەواوی کەلوپەل و سامان و بەرژەوەندییەکانیدا دەگیرێ لەناو ئەمریکا و ئەوەی دواتریش بۆی دەنێردرێتە ناو ئەمریکا و یان دەکەوێتە دەست هەر کەسێکی ئەمریکی، هەموو مامەڵەیەکی کەسانی ئەمریکیش لەگەڵیدا قەدەغە دەکات“.