فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی زەویوزاری دوو گوندی سنووری دووبزی داگیر كردووە

ئەمڕۆ هەینی بەرپرسی ناوچەی دووبزی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای كرد كە فەرماندەیەكی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی زەویوزاری دوو گوندی سەر بە قەزای دووبزی بۆ خۆی و عەرەبە هاوردەكان داگیر كردووە و كشتوكاڵی لەسەر دەكەن. جەواد محەمەد بەرپرسی ناوچەی دووبزی پارتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند “زەویوزاری هەردوو گوندی مامە و عەلەغێر، لەلایەن فەرماندەیەكی حەشدی شەعبییەوە بە ناوی ئەیاد محەمەد داگیر كراوە، كە خۆی و چەند عەرەبێكی هاوردە بەیەكەوە دەیكێڵن”. گوتیشی ئەوان زەوییان نەهێشتووەتەوە بۆ جوتیارانی كورد بیكێڵن، تەنانەت ئێستا دانیشتووانی هەردوو گوندەكە ئاوارە بوون. بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، بەشێكی كەم لە زەویوزاری ئەو دوو گوندە بەدەست جوتیارانی كوردەوە ماون، ئێستاش ژمارەیەك عەرەبی هاوردە چوونەتە سەر ئەو بەشە زەوییانە و دەیانەوێت ئەوانیش داگیر بكەن.