وەزیری نەوتی حکوومەتی عێراق ئاشکرایکرد کە لە چارەگی دووەمی ئەمساڵ نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ 60 دۆلار بەرزدەبێتەوە. ئەمڕۆ شەممە 16ی1ی2021، ئحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا عێراقییەکان رایگەیاندووە، کە لە ئێستادا نرخی بەرمیلێک نەوتی عێراق ٥٣ دۆلاری تێپەڕاندووە و پێشبینیش دەکرێت لە چارەگی دووەمی ئەمساڵ نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ 60 دۆلار بەرز ببێتەوە. ئەمە لە کاتێکدا ساڵی رابردوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخستنی دەروازە سنووری و ئاسمانییەکان لە بەشێکی زۆری وڵاتان بووە هۆی دابەزینی نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو، بەڵام لەگەڵ دروستکردنی پێکوتەی کۆرۆنا و کەمبوونەوەی مەترسییەکان نرخی نەوت لە چەند هەفتەی رابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لەبەرزبوونەوە کردووە.