وابڕیارە ناوەڕاستی ئەم مانگە کۆمەڵی ئیسلامی کۆنگرە ببەستێت و توێژەرێکی ئیسلامی سیاسیش پێیوایە گۆڕانکاری جەوهەری لە کۆنگرەی کۆمەڵ روونادات، مامۆستا عەلی باپیر لە شوێنەکەی دەمێنێتەوە و رەنگە چەند ئەندامێکی سەرکردایەتی بگۆڕدرێت. وابڕیارە کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان 18ـی ئەم مانگە کۆنگرەی چوارەمی خۆی لە تاسڵوجە پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی ببەستێت و 19ـی مانگ کۆتا رۆژی کۆنگرەکە بێت. بەپێی زانیاریەکانی (باسنیوز)، لەم دۆخەی ئێستا کۆمەڵی ئیسلامی کە کۆنگرە دەبەستێت، لەناوخۆیدا دووچاری کۆمەڵێک گرفت و ئاستەنگ بووەتەوە، کە هەندێ لە ئەندامانی سەرکردایەتی پێیانوایە کۆنگرە کێشەکانی حزب ئاڵۆزتر دەکات و هەندێکی دیکەشیان پێیانوایە چارەسەر دەبن.هەر بەپێی زانیاریەکان، کێشەی سەرەکی ئێستای کۆمەڵی ئیسلامی پەیوەندی بە شارچیەتی و پەراوێزخستنی مەڵبەندی هەولێرەوە هەیە، بەشێوەیەک ئەنجامدانی کۆنگرەش لە سلێمانی هەر بۆ پەراوێزخستنی سەرکردایەتی کۆمەڵە لە شاری هەولێر.هاوکات، بەشێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی و قاعیدەی کۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ ئەوەدانین مامۆستا عەلی باپیر و کەسانی نزیک لەو ببنەوە بە ئەمیر و سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی کۆنتڕۆڵ بکەنەوە. سۆران سێوکانی، توێژەری ئیسلامی سیاسی، بۆ (باسنیوز) ڕای گەیاند، ئەوان پێیانوانیە گۆڕانکاری جەوهەری لە کۆنگرەی کۆمەڵدا ڕووبدات، گووتیشی “ئەمیری کۆمەڵ هەر وەكو خۆی دەمێنێتەوە و ناو شێوازی کارکردنیان هەر وەكو خۆی دەبێت و دەشێت هەندێک لەئەندامانی سەرکردایەتی گۆڕانی بەسەردا بێت، ئەوە کۆنگرەی کۆمەڵی ئیسلامی دەبێت”. بەڵام، فارووق عەلی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، بۆ (باسنیوز) ڕای گەیاند، کۆنگرە باڵاترین دەسەڵاتە و ئەگەری هەر گۆڕانکاریەک هەیە، چ لە پەیڕەو پڕۆگرام بێت، یان پرسی گۆڕینی ناو حزب و لێکردنەوەی پاشگری ئیسلامی، بەڵام ئەو پرسانە لە کۆنفرانسەکانی کۆمەڵ باسکراون و لە چوارچێوەی ئەو پڕۆگرامانەشی کە ئامادەکراون هەر پرسێک لەوانە قابیلی ئەوەیە لە کۆنگرە بخرێنە بەر باسەوە، بەڵام پرسی لادانی پاشگری ئیسلامی لە کۆنفرانسەکان هێندە جێگەی بایەخ نەبووە، گووتیشی “تاوەکو ئێستا هیچ کەس بۆ پۆستی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی بە مامۆستا عەلی باپیریشەوە خۆی کاندید نەکردوە، بەگشتی سەرکردایەتی و قاعیدەی کۆمەڵ بەبێ رکابەر لەگەڵ ئەوەدان مامۆستا عەلی باپیر ببێتەوە بە ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی، بەڵام خۆی لەگەڵ ئەوەدانیە و تەکلیفی سەرکردایەتی و خوارەوەی بەسەرەوەیە بۆ جارێکی دیکە ئەو پۆستە وەربگرێتەوە”