ئەمڕۆ سێشەممە عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لە پەیامێكدا بۆ هاوسەرۆكانی یەكێتی، رایگەیاندووە كە بۆ سێ ملیۆن دۆلاری قازانجی مانگانە لە دروستكردنی بەنزینی ژەهراویدا، خەڵكی سلێمانی ڕووبەڕووی مەترسییەكی گەورەی تووشبوون بە شێرپەنجە دەكەنەوە. عەلی حەمەساڵح لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی “فەیسبووك” بڵاوی كردووەتەوە “ئەوەی لە سلێمانی دەکرێتە ئۆتۆمبێلەوە بەنزین نییە، پترۆ کیمیاوی و بەرزکەرەوەی ئۆکتان تێکەڵ دەکرێت و بەناوی دروستکردنی بەنزینەوە دەفرۆشرێت، بە دڵنیایی ئەمە بەنزین نییە، دڵنیاش بن ئەوەی لە ئێرانیشەوە دێت، ھەر بەنزین نییە و ھەمان تێکەڵکردنە. ئەم تێکەڵکردنە بڕێکی ئێجگار زۆر مادەی رەساسی تێدایە، دەبێتە ھۆی دروستبوونی شێرپەنجە”. هەروەها نووسیویەتی “بیست گۆڕەپانی گەورەی سووتەمەنی و تێکەڵکردن و دروستکردنی بەنزین لە تانجەرۆیە، ئەمانە مۆڵەتی ھیچ شوێنێکیان نییە، لەژێر ھیچ چاودێرییەکیشدا نیین، ئایا دەکرێت گۆڕەپانی دروستکردنی بەنزین بێ مۆڵەت و بێ چاودێر بێت، بەڵام سەرتاشخانە بێ مۆڵەت کار ناکات، ئایا بەنزین بەم شێوە دروست دەبێت”. دەشڵێ قەبارەی قازانجی ئەم بازرگانی ھێنانی پترۆکیمیاوی و تێکەڵکردنە نزیکەی سێ ملیۆن دۆلاری مانگانەیە، ئایا دەکرێ بۆ سێ ملیۆن دۆلاری چەند کەسێک، ھەزاران کەس تووشی شێرپەنجە بێت؟ پەرلەمانتارەكەی كوردستان هەروەها دووپاتی كردووەتەوە ئەوەی ڕێگا بۆ ئەم تاوانە خۆش دەکات ئەوەیە دەڵێ بەنزینی بازرگانی سلێمانی لە ھەموو جیھان ھەرزانترە. بەنزینی بازرگانی بە نرخی بۆرسە دەفرۆشرێت، ھەرزان و گرانی نییە، بەڵکو ئەگەر بەنزین بێت، ھی ئێمە گرانتر دەبێت، چونکە تێچووی گواستنەوەشی دێتە سەر، بەبێ پشتیوانی حکوومەت، لە ھیچ کوێی دونیا بەنزین لە نرخی بۆرسەی جیھانی ھەرزانتر نییە. لەگەڵ ئەم مەترسی بەنزینەدا، بەشێک لە کارگە گەورەکانی سنووری سلێمانی فلتەرەکانیان دەکوژێننەوە و مادەی رەساس بەدەوری ئەم شارەدا پەخش دەکەن، ئێستاش ڕۆژ بەڕۆژ ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە زیاد دەبێ، سێ مانگ پێش ئێستا ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بۆ ئەم دۆسیەیە، بەڵام ھیچ ئەنجامی نەبوو، ئەمەش مانای ئەوە نییە بەنزینی ھەولێر و دھۆک گرفتی گەورەیان نەبێت. عەلی حەمەساڵح دەڵێ لێم دەپرسن بەدیل چیە؟ وەڵامی داوەتەوە و نووسیویەتی “دوو پاڵاوگەی گەورە لە کوردستانن، ئەگەر ئەمانە نەوتی خاو بۆ ھەرێمی کوردستان بپاڵێون، بەنزین و ھەموو جۆرە بەرھەمێکی دیکەی نەوتی بەرھەم دێنن.