ئەمڕۆ هەینی ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان ڕایگەیاند چەكداری ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش تەنها دەتوانن هێرش بكەنە سەر ناوچەكانی سنووری دەسەڵاتی هێزە عێراقییەكان، دەنا پێشمەرگە سەنگەرەكانی خۆی لە بەرانبەر تیرۆریستانی داعش پاراستووە. جەبار یاوەر ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە بە (باسنیوز)ی راگەیاند “ماوەی چوار ساڵە تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی فیدراڵی هێرشی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، بەڵام پێشمەرگە سەنگەرەكانی خۆی لە خانەقینەوە تا سنووری مووسڵ پاراستووە. یاوەر گوتی “لە سەرەتای 2018وە تاكو ئێستا تیرۆریستانی داعش تەنها لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی فیدراڵی هێرشی كردووە، نەك لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان”. ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتی كردەوەە كە لە كۆی هەشت میحوەری هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە سنووری خانەقینەوە تا دەگاتە سنووری مووسڵ، پێشمەرگە سەنگەرەكانی خۆی بە تەواوی پاراستووە و چاودێری جوڵەی تیرۆریستانی داعش دەكات. یاوەر ئەوەشی راگەیاند كە پڕكردنەوەی ناوچەكانی بۆشایی ئاسایشی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان ئەركێكی گرنگە و پێویستە حكوومەتی فیدراڵی هەنگاو بنێت بۆ جێبەجێكردنی، لەمبارەیەشەوە پێشمەرگە هەموو ئامادەییەكی بۆ رێككەوتن دەربڕیوە.