لیژنەى پەرەوەردەى پەرلەمان: رێنوێنییەکانی خۆپارێزى لە ناوەندەکانى خوێندن جێبەجێ دەکرێن

بڕیاردەرى لیژنەى پەروەردەى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند رێنوێنییەکانی خۆپارێزى بەشێویەکى باش لە ناوەندەکانى خوێندن جێبەجێ دەکرێن،پڕۆسەى خوێندنیش بە باشى بەڕێوەدەچێت و خوێندنى ناو پۆل سوودى زیاترە لە خوێندنى ئۆنڵاین. د. گەلاوێژ عوبێد، بڕیاردەرى لیژنەى پەروەردە و خوێندنى باڵاى پەرلەمانى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “دواى کردنەوەى ناوەندەکانى خوێندن بە ڕووى قوتابیاندا لە هەفتەى رابردوو، ئێمە چاودێرى دۆخەکە دەکەین و سەردانى مەیدانیى ناوەندەکانى خوێندن دەکەین، بۆ ئاگاداربوون لە چۆنییەتى بەڕێوەچوونى پڕۆسەى خوێندن و جێبەجێکردنى رێنماییەکانى خۆپارێزى لەلایەن مامۆستا و قوتابیانەوە”. راشیگەیاند: “تا ئێستا دۆخەکە زۆر باشە و قوتابیان و مامۆستایان بە گۆڕ و تینەوە دەستیان بە پڕۆسەى خوێندن کردۆتەوە،ئەمەش دەرفەتێکى باشە بۆ قوتابیان چونکە خوێندنى ناو پۆلەکان سوودى زیاترە لە خوێندنى ئۆنڵاین، هەرچەندە بڕیارى خوێندنى ئۆنڵاین ناچارى بووە”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد” پڕۆسەى خوێندنى ناو پۆلەکان پێى ناوەتە هەفتەى دووەمەوە و هیچ قوتابخانەیەک بەهۆى توشبوونى قوتابیان دانەخراوە، تەنیا لە سنورى پەروەردەى مێرگەسۆر یەک قوتابى توش بووى پەتاکە بوو، بەم هۆیەشەوە ئەم پۆلە بۆ ماوەى 14 رۆژ دادەخرێت و پاشان مامۆستایان وانەکان بۆ قوتابیان دووبارە دەکەنەوە”. ئەوەشى خستەڕوو” بەهاوکارى تیمەکانى وەزارەتى تەندروستى و بەڕێوەبەر و مامۆستایان هەموو هەوڵێک دەخەینە گەڕ بۆ پاراستنى قوتابیان و مامۆستان لە رێى جێبەجێکردنى رێنماییەکانى خۆپارێزى لە پەتاى کۆرۆنا”.