پەرلەمانتارێکی لیژنەی پەروەردە دەڵێ هەرچەندە ئەمساڵ هیچ کتێبێکی پڕۆگرامی خوێندن چاپ نەکراوە بەڵام هیچ کێشەیەکی کەمیی کتێب لە قوتابخانەکان نییە. د. زێدان برادۆستی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و فراکسێۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە (باسنیوز) ی راگەیاند: “بەھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە ئەمساڵ نەتوانراوە ھیچ کتێبێک چاپ بکرێت، بەڵام توانراوە کێشەی کەمی و نەبوونی کتێب لە قوتابخانەکاندا چارەسەر بکرێت، بەتایبەت بە ھۆی ئەوەی کتێبەکان زۆر بەکار نەھاتوون و نوێن بەھۆی ئەوەی نەتوانراوە پرۆگرامی خوێندن تەواو بکرێت”. روونیشیکردەوە: “لە ھەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار قوتابیمان ھەیە و ھەر قوتابییەکیش ھەشت کتێبی ھەیە، بەشێک لە بابەتەکانیشمان دوو بەشیان ھەیە کە ئەمەش ژمارەی کتێبەکان زیاد دەکات، بەڵام بۆ ئەمساڵ بە گشتی ھیچ کێشەیەکمان نەبووە لە دابەشکردنی کتێبدا و قوتابیانیش ھیچ داواکارییەکی لەم شێوەیان نەبووە، ئێمەش راستەوخۆ چاودێریی بارودۆخ و کێشەی قوتابیان دەکەین”. ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو: “تائێستا هیچ بڕیارێک بۆ کەمکردنەوەی پرۆگرامی خوێندن نییە، چونکە دیار نییە کە دۆخی تەندروستی بە کوێ دەگات، بەڵام لە ئەگەری گۆڕان لە دۆخی تەندروستیدا بڕیاری نوێ لەمبارەیەوە دەدرێت”.