ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 18/2/2021، بە بڕیاری پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك، دەست بە ڕووخاندنی ژمارەیەك خانووی هاووڵاتییانی كورد لە شاری كەركووك كرا. شەوكۆ خورشید كە ماڵی ئامۆزایەكی لەو شوێنەیە كە خانووەكانی لێ ڕوخێندراوە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ئەو ماڵانەی دەكەونە ناوچەی ئینزیباتخانەی كۆنی كەركووك و بەدیاریكراوی پشت شەقامی كارەباچییەكان، ژمارەیەك لەو خێزانە كوردانەی كە دوای ساڵی 2003 گەڕانەوە بۆ كەركووك و پێشتر لە هەرێمی کوردستان ئاوارە بوون، لەبەر ئەوەی بێ شوێن و جێگە بوو لەو شوێنە خانوویان دروست كرد و چەندین ساڵە بێ كێشە لەوێ دەژین”. گوتیشی: “ماوەیەكە ئیدارەی كەركووك ناوە ناوە لیژنەكانی قایمقامییەتی ناوەندی كەركووك دەنێرن بۆ ئەوەی ئەو خێزانانە خانووەكانیان چۆڵ بكەن بە بیانووی نەبوونی تاپۆ، بۆیە ئەمڕۆ هاتن چەند خانوویەكیان ڕووخاند و بەوانەشی كە خانووەكانیان جارێ نەڕوخێندراوە گوتراوە كە تاكو رۆژی سێشەممەی داهاتوو دەبێت خانووەكان چۆڵ بكەن بەپێچەوانەوەی هەمووی دەڕوخێنن”. لەمبارەیەوە، ئەدهەم جومعە، چاودێری سیاسی لە كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “ڕاستە ئەو شوێنەی كە خانووەكانی لەسەر دروست كراوە خاوەن خانووەكان تاپۆیان نییە، بەڵام ئەگەر خانووەكانیشیان بڕۆخێنن یان بیانەوێت دەریان بكەن، خۆ دەبێت قەرەبوو بكرێنەوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە شوێنی نیشتەجێبوون هەیە هاوشێوەی ئەو شوێنەی كە ئەمڕۆ چوونەتە سەریان لە گەڕەكی عروبەی شاری كەركووك دەیان خێزانی تێیدایە تەنانەت بینای حكوومەتیشە لەبەر ئەوەی كۆمەڵێك ماڵی عەرەب و توركمانی تێدایە كەس ناچێتە سەر ئەوان”. گوتیشی: “ماوەیەكە گوشار زۆر دەخرێتە سەر ئەو ماڵانەی ئینزیباتخانەی كۆنی كەركووك بۆ ئەوەی خانووەكانیان چۆڵ بكەن و چەند خانووەیەكیشیان رووخاندووە، ئەوەی كە هەیە لە چوارچێوەی ئەو گوشارانەیە كە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە بە بەردەوام دەخرێنە سەر كورد”.