سەرۆکى دەستەى دەستپاکیى هەرێمی کوردستان رای گەیاند بۆ نەهێشتنى گەندەڵى و چاکسازی لەسەرجەم سێکتەرەکاندا، پڕۆژەیەکمان ئاراستەى ئەنجومەنى وەزیران کردووە و بەم نزیکانە دەخرێتە کارنامەى ئەنجومەنى وەزیران. د.ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکى دەستەى دەستپاکیى هەرێمى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “بە ئامانجى نەهێشتنى گەندەڵى و چاکسازییەکى گشتگیر لە سەرجەم سێکتەرەکاندا، پڕۆژەیەکى فراوانمان ئاراستەى ئەنجوومەنى وەزیران کردووە و ئێستا لە قۆناغى کۆتاییدایە، ئەمەش دواى ئەوەى لیژنەى یاسایی ئەنجومەنى وەزیران کارەکانى تەواو کردووە و ئاراستەى وەزارەتەکان کراوە بۆ ئەوەى سەرنجى خۆیان بخەنەڕوو لەسەر پڕۆژەکە”. راشی گەیاند: “لە رێگەى پڕۆژەکەوە بەرچاوروونى دەدرێت کە چۆن کار بکرێت و چۆن رووبەرووى گەندەڵى ببینەوە و خاڵە لاوازەکان چارەسەر بکەین، ماوەى پڕۆژەکە پێنج ساڵە و وەک نەخشە رێگایەکە بۆ فەرمانگەکان و دامەزراوەکانى حکوومەت”. ناوبراو ئەوەشى خستەڕوو: “دواى تەواوبوونى کارەکانى پڕۆژەکە بەم نزیکانە دەخرێتە بەرنامەى کارى ئەنجومەنى وەزیرانەوە، دواى پەسەندکردنیشى لیژنەیەکى بۆ دروست دەکرێت بۆ ئەوەى چاودێرى جێبەجێکردنى بکرێت، ئەنجوومەنى وەزیرانیش پشتگیرى تەواومان دەکات و هاوکار دەبێ بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەکە”.