کلیچدارئۆغلۆ: پاییزی ئەمساڵ لە تورکیا هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوە دەچێت

سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، ئاگاداری سەركردایەتیی پارتەكەی دەكاتەوە، خۆیان ئامادە بكەن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، چونكە ئەگەرێكی بەهێز هەیە توركیا لە پاییزی ئەمساڵدا بچێتە ناو هەڵبژاردنەوە. كەمال كلیچدارئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (CHP) كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ ئەندامانی سەركردایەتیی پارتەكەی، باسی لە هەڵبژاردنی پێشوەختە كردووە  گوتوویە: “خۆتان ئامادە بكەن، لە پاییزی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوە دەچێت”. كلیچدارئۆغلۆ داوای لە ئەندامانی سەركردایەتیی كردووە، بەردەوام بن لە بەسەركردنەوەی ناوچەی ئەنادۆڵ و دەبێت قسە بۆ خەڵك بكەن و پێیان بڵێن توركیا گەیشتووەتە چ قۆناغێکی خراپ. ئاژانسی (سپوتنیك)ی رووسی قسەكانی كلیچدارئۆغلۆی بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت: “لە خەبات بەردەوام دەبین، هەروەها پێویستە بەردەوام بین لە بەسەركردنەوەی خەڵك لە ناوچەی ئەنادۆڵ و ئامادەكاری تەواو بكەن بۆ هەڵبژاردن، چونكە بارودۆخی ئابووریی توركیا ئەوەندە خراپە، لە پاییزی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوە دەچێت”. سەرۆکی ئۆپۆزسیۆن باسی لەوەش كردووە: “دەبێ بە ٨١ شاری توركیادا بگەڕێن و بۆ خەڵكی روون بكەنەوە كە كشانەوە لە (رێككەوتنی ئیستانبۆڵ) كە پارێزگاری لە مافی ئافرەت دەكرد، چەند كارەسات و عەیبەیە بۆ توركیا، چونكە خەڵكێكی زۆر نازانن ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە چۆنە”.