سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد کە بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، دوێنێ شەممە لە گرتووخانەی ورمێ جێبەجێ کرا. بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەرەبەیانی دوێنێ شەممە ١٠ی٤ی٢٠٢١ سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی “بایزید ڕەشیدی” لە گرتووخانەی ناوەندیی ورمێ لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە جێبەجێ کراوە. بایزید ڕەشیدی، خەڵکی گوندی “کەلهوڕ”ی ورمێ بوو کە ڕۆژی پێنجشەممە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ورمێ کرابوو. لە سێدارەدانی ئەو بەندکراوە کوردە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی یەکشەممە ٤ی٤ی٢٠٢١ سزای سێدارەی سێ بەندکراوی دیکەی کورد بە ناوەکانی “ئەحەد حەبیب وەند، محەمەدکەریم مەحموودی و سادق مەحی” هەر بو تۆمەتە لە بەندیخانەی ورمێ جێبەجێ کرابوو.
بەندکراوێکی کورد لە گرتووخانەی ورمێ لە سێدارە درا
