هۆشیار زێباری، وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەر سەبارەت بە ئەو مووشەکەی ئەمشەو ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کرا رایگەیاندووە کە پێدەچێ ئەمە کاری هەمان گروپی دوو مانگ پێش ئێستا بێ. زێباری رایگەیاندووە: “ئەمشەو جارێکیتر هێرشێکی تیرۆرستی مووشەکی – فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان کرایە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر بۆ تێکدانی ئاساییشی کوردستانی عێراق، وا دیارە کە هەمان ئەو گروپەی دوو مانگ لەمەوبەر فڕۆکەخانەکەیان کردە ئامانج دووبارە لەپشت هێرشەکەوەن، ئەمە تێکچوونێکی ڕوون و مەترسیدارە”. سەبارەت بە هێرشەکەی ئەمشەو وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “کەمێک پێش ئێستا دەنگی تەقینەوەیەک لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولیر بیسترا، دەزگا پەبوەندیدارەکان ڕاسپێردراون بەدواداداچوون و لیکۆڵینەوە بکەن و دواتر هۆکاری تەقینەوەکە و دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکە بڵاودەکەینەوە”. هەروەها پەیجی دژەتیرۆری کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە کە مووشەکێک ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کراوە.