هێزە عێراقییەكان ژینگە و باخەکانی ناوچەی شێخ باوەیان شێواندووە

هێزە عێراقییەكان بە بیانووی مەترسییەكانی داعش، لە ناوچەی شێح باوەی سەر بە شارۆچكەی گوڵاڵە لە شاری خانەقین، دەستیان كردووە بە بڕینەوەی دار و درەخت و تێکدانی باخ و بێستانی جووتیاران کە نزیكە لە رووباری سیروان. چالاك نەجم، بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرمانگەی ژینگەی گەرمیان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “بەداخەوە لە كاتێكدا لە هەرێمی كوردستان هەفتەی چالاكیی ژینگەیی ڕاگەیەندراوە، ئاگادار كراینەوە کە لە ناوچەی شێخ باوەی نێوان هەردوو شارۆچكەی گوڵاڵە و کوڵەجۆ لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە بە بڕینەوەی دار و درەخت و باخەكانی ئەو سنوورە، زیانێکی زۆر بە جووتیاران دەگەیەنرێت و ژینگەی ناوچەكە شێوێندراوە”. گوتیشی: “ئێمە ئەو جۆە كارانە بە هۆكارێك دەزانین بۆ لەناوبردنی ژینگەی جوان و دڵرفێنی ناوچە جیاجیاكانی كوردستان، بەتایبەت ناوچەی شێخ باوە کە ناوچەیەکی چڕی پڕ دارستان و باخە و دەكەوێتە نزیك رووباری سیروانەوە”. هەر لەمبارەوە فەلاح محەمەد، ئەفسەر لە پۆلیسی گوڵاڵە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “سوپای عێراق بۆ رێگری لە خۆحەشاردانی داعش وەك پلانێكی ئەمنی ئەو هەنگاوەی گرتووەتە بەر و دەستی کردووە بە بڕینی دار و درەختی نزیك رووباری سیروان”. ئەم تێکدانی ژینگە لەلایەن هێزە عێراقییەکان لە ناوچە کوردستانییەکان لە کاتێکدایە کە دوێنێ رۆژی ژینگەی هەرێمی كوردستان بوو و ئەم هەفتەیەش لە هەرێمی كوردستان وەک هەفتەی چالاكیی پاراستنی ژینگە دیاری کراوە. گوندەکانی “ئیسڵاح، ئوم حونتە، حوسێنیە، ئەحمەد گوڵە، ئاوایی فەرج و بنەباخ” و چەندین گوندی دیکە دەکەونە سنووری شێخ باوەوە، ناوچەکە یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە دانیشتوانەکەی ئەم دەڤەرە عەرەبی سوننەن، هەروەها کوردیش لەو ناوچەیە هەیە، ئەمە جگە لە گوندی ئوم حونتە، کە زۆرینەیان عەرەبی شیعە مەزهەبن، کۆی دەڤەرەکە سەر بە شارەدێی گوڵاڵەیە لە شارۆچکەی خانەقین، کە ئێستا لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای دیالەن. خەڵکی ناوچەی شێخ باوە کە زۆرینەیان بە بەروبومی کشتوکاڵەوە دەژین، هاوکات بەرهەمی ناوچەکە لە عێراقدا ناوبانگی هەیە، بەڵام ئێستا حکوومەتی عێراق دەیەوێت ١٢٠ دۆنم باخی بەردار لەو ناوچەیە لەناو ببات، ئەوەش وەک خۆیان گوتوویانە بۆ بنبڕکردنی داعشە، بەڵام ئەمە جێگای دڵخۆشیی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە نییە، هەرچەندە بە دەست کردەوە تیرۆریستییەکانی داعشەوە دەناڵێنن، بەڵام بەرهەمی ژیان و موڵک و ماڵیان لەناو دەچێت، چونکە هیچ قەرەبوویەکیان بۆ لە بەرچاو نەگیراوە.