وەزارەتی پێشمەرگە: دۆخی شاری کفری ئارامە

فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە سنووری شاری کفری چەند زانیارییەک سەبارەت بە ئەو دوو مووشەکەی ئەمشەو ئاراستەی شارەکە کران دەخاتە ڕوو و دڵنیاییش دەدات کە ئێستا دۆخی شارەکە ئارامە. عەمید روکن دلێر محموود، فەرماندی لیوای ۱۷ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ” کاتژمێر ۷ی ئێوارە، دوو مووشەکی کاتیۆشا، ئاراستەی شاری کفری کران بەسەر دوو بارەگای هێزەکانی پێشمەرگە تێپەڕین و لە دەوروبەری بارەگاکان بەر زەوی کەوتن و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبوو”. گوتیشی: “هێزی پێشمەرگە هەمیشە لە خەمی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری ناوچەکەیە و ئەو کردەوە ترسنۆکانەیەی تیرۆریستان نامانترسێنێت”. فەرماندەی لیوای ۱۷ ئاشکراشی کرد، دوای هێرشه‌كه‌ هێزه‌کانی پێشمەرگه و هێزە ئه‌منییه‌كان گه‌یشتوونه‌ته‌ شوێنه‌كه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ لەمبارەیەوە ده‌ستی پێكردووه‌. پێشتر(باسنیوز) بڵاویکردەوە کە بەپێی زانیارییەکان مووشەکێک لە گەڕەکی مام حه‌مه‌دی شاری کفری بەر دیواری یەکێک لە خانووەکان کەوتووە و لە ئەنجامدا کەسێکی سڤیل زامدار بووە، سامان سەرتیب ،بەرێوەبەری نەخۆشخانەی خالید گەرمیانی، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەی ئەمشەو کەسێک بریندار بووە و گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و ئێستا لەژێر چارەسەری پزیشکییە”.