سەبارەت بە بەشدارینەکردنى پارێزگارەکانى هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی پارێزگارەکانى عێراق روونکردنەوە دەدرێ

دوێنێ دووشەممە کۆبوونەوەی پارێزگارەکانی عێراق سەبارەت بە چۆنییەتى خەرجکردنى بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان و کێشە و گرفتەکانیان بەڕێوەچوو بەڵام پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون، پەرلەمانتارێکی کوردی پەرلەمانی عێراپ لەمبارەیەوە ڕوونکردنەوە دەدات. شێروان دووبەردانى سەرۆکى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانى عێراق بە (باسنیوز)ى راگەیاند: “پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان لەرووى داراییەوە سەر بە حکوومەتى عێراق نین، بۆیە پارێزگارەکانى هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى پارێزگارەکانى عێراقدا بەشدار نەبوون، کە تایبەت بوو بە گفتوگرکردن لەسەر چۆنییەتى خەرجکردنى بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکان و ئەو گرفتانەى دێنە پێشیان”. راشیگەیاند: “پارێزگاکانى هەرێمی کوردستان لە رووى دارایی و یاساییەوە هاوشێوەى پارێزگاکانى عێراق نین، چونکە پارێزگاکانى عێراق سەر بە حکوومەتى عێراقن و خەرجکردنى هەرجۆرە بودجەیەک پێویستى بە رەزامەندى هەردوو وەزارەتى دارایی و پلاندانانە لە ژێر چاودێریی پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکاندا”. روونیشیکردەوە: “بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکانى هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەى پشکى هەرێمى کوردستاندایە، بۆیە پەرلەمان و حکوومەتى هەرێمی کوردستان و وەزارەتى دارایی و پلاندانان و ئەنجوومەنى پارێزگاکان، بەرپرسن لە دەستنیشانکردنى میکانیزمى خەرجکردنى بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاکانى هەرێمی کوردستان”.