ڕاوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرای كرد ئێستا وڵاتەكە 113 ملیار دۆلار قەرزارە. ئەمڕۆ هەینی مەزهەر محەمەد ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕای گەیاند رۆژ لەدوای ڕۆژ قەرزەكانی عێراق زیاتر دەبن و كۆی گشتی قەرزەكانی ئێستاش 113 ملیار دۆلارە، كە 50 ملیار دۆلار قەرزی ناوخۆییە و 40 ملیار دۆلاریش قەرزی دەرەكییە، 23 ملیار دۆلاریش قەرزاری سندوقە نێودەوڵەتییەكانە. ئەم بەرپرسەی عێراق ئاماژەی بەوەش داوە هەرچەند پێشتر بە پێی رێككەوتنامەیەك كە ساڵی 2004 لە پاریس كرابوو، بەشێك لە وڵاتان بڕیاریان دابوو لە قەرزی عێراق خۆش بن، بەڵام تاوەكو ئێستا لێخۆشبوونەكە بە تەواوی جێبەجێ نەكراوە. مەزهەر محەمەد ئاماژەی بەوەش داوە كە عێراق لە بڕە قەرزەكەی دەرەوەیدا، 40 ملیار دۆلاری ئێران، سعوودیە، قەتەر، ئیمارات و كوێت قەرزارە، ئەم وڵاتانەش نایانەوێت لە قەرزی خۆیان خۆش بن.