بەرپرسێکى وەزارەتى پێشمەرگە رایگەیاند لە قۆناغى یەکەمى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازیدا، لە ماوەى مانگکێدا ژمارەیەکى زۆرى پۆستەکانى وەزارەت گۆڕانکارییان تێدا کراوە و بەڕێوەبەرى تازەیان بۆ داندراوە. عەمید عوسمان محەمەد، بەڕێوەبەرى گشتیى راگەیاندن و هۆشیارى نیشتیمانى وەزارەتى پێشمەرگە بە(باسنیوز)ى راگەیاند: “لەچوارچێوەى جێبەجێکردنى یاساى چاکسازى و لە قۆناغى یەکەمدا لیژنەى چاکسازیی دیوانى وەزارەتى پێشمەرگە، لەماوەى مانگێکدا گۆڕانکاری لە ژمارەیەکى زۆر پۆستی دیوانى وەزارەت ئەنجامدا، بەشێک لەو بەرپرسانەى پێشوو بۆ شوێنى دیکە گواستراونەتەوە و بەشێکى دیکەش خانەنشین کراون”. راشیگەیاند: “دوایین پۆست کە بەر گۆڕانکارییەکانى قۆناغى یەکەم کەوتن پۆستەکانى جێگرى سەرۆک ئەرکان بۆ کاروبارى ئیدارە و میرە و پۆستى بەڕێوەبەرى پشکنین و چاودێریی گشتیى وەزارەتى پێشمەرگە بوو، کە ئەمڕۆ ئەنجام درا”. ئاماژەى بە ئەوەش کرد: “لە داهاتوودا قۆناغى دووەمى یاساى چاکسازیی دەچێتە بارى جێبەجێکردن، چونکە وەزارەتى پێشمەرگە هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ ئەو پڕۆسە چاکسازییەدا دەڕوات کە حکوومەتى هەرێمی کوردستان جێبەجێى دەکات، بە ئامانجى بەدەستهێنانى ئەنجامێکى باش”.